کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی ئیمەنی لە یەکە بەرهەمهێنەرەکان، گیانی کرێکارێکی کوردی ستاند

15:09 - 8 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: کرێکارێکی کوردی کارخانەی قەندی نوشین شاری سەر بە ئورمیە، لە رووداوێکی کاردا گیانی لە دەست دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی نوشین شاری سەر بە ئورمیە، لە کارخانەی قەندی ئەم شارە بە هۆی رووداوی کار گیانی لە دەست دا.

هۆکاری مردنی ئەم کرێکارە کوردە، کەوتنە ناو یەکێک لە دەزگاکانی کارخانە قەندی نوشین شار راگەیەندراوە.

هاووڵاتییەکی ئاگادار لەم رووداوە، شووناسی ئەم کرێکارە کوردەی حەبیب مەجیدی کوڕی حاجی سەرباز راگەیاندووە و هەروەها وتوویەتی کە حەبیب تەمەن ٢٣ ساڵ و تازە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو.

هەر لەم پێوەندییەدا، چەند رۆژ پێشتریش، رووداوی برقگرتوویی بە هۆی ئیتسالی سیمی باڵابەر لە بینایەکی نیوەچڵ لە سەقز، دوو کوژراو و بریندارێکی لێکەوتەوە.

هەروەها، لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا، کرێکارێکی کورد لە یەکێک لە یەکە بەرهەمهێنەرەکانی سەقزدا، لە کاتێکدا کە سەرقاڵی شۆردنەوەی دەزگای پیکسێڵ بوو، تووشی برقگرتوویی هات و گیانی لە دەست دا.

نەبوونی ئیمکانات و کەرستەی ئیستاندارد و خۆبوورادن لە دابینکردنی ئیمکاناتی پێویست لەلایەن خاوەکارەکانەوە، ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو لە کرێکاران تووشی رووداوی دڵتەزێنی هاوشێوە دەکات.