کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی سویسی بە تۆمەتی فرۆشتنی کەرەستەی نیزامی بە رێژیمی ئێران مەحکووم کرا

21:06 - 15 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: فرۆشی و هەناردنی دوربینی چەک بە ئێران، هاووڵاتییەکی سویسی کێشاندە دادگای جەنایی فیدراڵی سویس.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەری سویسی (ATS)، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی سویسی کەبە هاوکاری لەگەڵ چوار ئیتالیایی و دوو ئێرانی، لە ساڵی ٢٠٠٧، ١٥٠ دوربینی چەکی بۆ ئێران ناردبوو، لەلایەن دادگای فیدراڵی سویس مەحکووم کرا.

ئەم هاووڵاتییە سویسییە بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای فێدراڵی سویس ‌مەحکووم کراوە.

ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی ژنێڤی سویس، وێڕای هاودەستەکانی کە چوار ئیتالیایی و دوو ئێرانی بوون لە مانگی مارسی ٢٠١٠ی زایینی لە ئیتالیا دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەم راپۆرتە، بەشێک لەو ١٥٠ دوربینەی فرۆشراو و هەنێردراو بۆ ئێران لە ئەفغانستان دۆزراونەتەوە.

وەزارەتی بەرگریی ئامریکا لەو پەیوەندییەدا جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە سپای قودس، لقی دەرەوەی سنووری سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بە ئاسانکاری بۆ تاڵەبان، هەوڵی داوە هەتا رێخۆشکەر بێت بۆ زووتر چوونەدەرەوەی هێزە نێودەوڵەتیەکان لەو وڵاتە.