کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد لە ناوچەی پیرانشار دەسبەسەر کرا

15:29 - 20 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: ژنێکی خەڵکی گوندی \'\'سێپەکان\'\'ی سەربە شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە نێو ماڵەکەیدا دەسبەسەر کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی پیرانشار رێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٢، هێرشیان کردووەتە سەر گوندی \'\'سێپەکان\'\' و بە بیانووی هەبوونی چەکوچۆڵ، وێڕای بێ رێزی و بێ حورمەتی کردن، ماڵی هاووڵاتییانی ئەو گوندەیان پشکنیوە.
شایەتحاڵێک بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هێزەکانی رێژیم پاش ئەوەی کە هیچ شتێکی قاچاخ و نایاسایی‌یان دەست نەکەوت، ژنێکی دانیشتووی ئەو گوندەیان بەناوی \'\'هەمین\'\' دەسبەسەر کرد\'\'.
\'\'هەمین\'\' خەڵکی گوندی \'\'شەروەت\'\'ی سەربە ناوچەی \'\'قەڵادزێ\'\'ی هەرێمی کوردستانی باشوورە و چەندین ساڵە ژیان هاوسەریی لەگەڵ هاووڵاتییەکی کوردی ئێرانی پێکهێناوە و لە گوندی \'\'سێپەکان\'\' نیشتەجێ بووە.
ئەو شایەتحاڵە راشیگەیاند: هێزەکانی رێژیمی پاش شەو و رۆژێک دەسبەسەرکردنی هەمین، ناوبراویان دیپۆرتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
بەپێی ئاماری کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە هەتا ئێستا ٢٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.