کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمەوە لە سایین‌قەڵا دەسبەسەر کرا

23:52 - 21 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی هەوشار بە بێ تۆمەتێکی دیاریکراو لەلایەن ئیتلاعاتی سایین قەڵاوە دەسبەسەر کراوە و هەنووکە لەژێر لێپرسینەوە دایە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، وێنەگرێکی کورد بەناوی \'\'خالید رەحیمی\'\' خەڵکی گوندی \'\'قۆزڵوو\'\'ی هەوشار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سایین قەڵا، بە بێ هیچ تۆمەتێکی دیاریکراو دەسبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات تێكڕای کەلوپەلی دووکانی ئەو وێنەگرەیان وەکوو کامپیۆتر و کامێرای فیلمبەرداری زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ئەو سەرچاوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، وتیشی: ناوبراو هەنووکە لە ئیدارەی ئیتلاعات لەژێر لێپرسینەوە دایە و تۆمەت و هۆکاری دەسبەسەرکرانەکەی ناڕوونە.

لە چەند رۆژی رابردوودا رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگەی ئیدارەی ئیتلاعات و دەست و پێوەندییەکانییەوە گوشارێکی یەکجار زۆری بۆ هاووڵاتییان و دانیشتوانی ناوچەی هەوشار هێناوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، دەست و پێوەندییەکانی رێژیم بە بێ مۆڵەتی یاسایی هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاووڵاتییان و بە دیوار و پەنجەرەی ماڵی هاووڵاتییان دەچنە سەر.

بەپێی ئاماری کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە ١٥ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کراون.