کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی دووبارەی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا سەبارەت بە سەفەر بۆ ئێران

19:24 - 28 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا نیسبەت بە مەترسییەکانی سەفەری هاووڵاتیانی ئامریکایی بۆ ئێران، هۆشداری دا.

بەپێی راپۆرتی دەنگی ئامریکا، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا سەرەڕای هۆشداری دووبارە بە ئامریکاییەکان سەبارەت بە مەترسییەکانی سەفەر بۆ ئێران رایگەیاندووە کە هاووڵاتیانی ئامریکایی مەترسییەکانی سەفەر بۆ ئێران رەچاو بکەن.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە مەترسییەکانی سەفەری هاووڵاتیانی ئامریکایی بۆ ئێران لەمەڕ کردەوەی دوژمنانە و ئەشکەنجە و ئازار و هەروەها دەستبەسەر کردن و مەحکووم کرانی هاووڵاتییانی ئامریکایی ــ ئێرانی، دەربڕیوە.

نیگەرانییەکانی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا بۆ دروشمە دژە ئامریکایی و دەستبەسەر کردنی ئامریکاییەکان لە ئێران گەڕێندراوەتەوە.

هەنووکە، جێسۆن رەزاییان هەواڵنێری واشێنگتۆن پۆست و ئەمیر میرزاحیکمەتی، ئەندامی هێزی دەریایی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکان، دوو هاووڵاتیی بەرەگەز ئێرانی – ئامریکایین کە بە تۆمەتی ئەمنییەتی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و لە زیندان دان.

درێژکردنەوەی هۆشداریی وەزارەتی کاروباری دەروەی ئامریکا بە هاوولاتییانی ئامریکایی لە بارەی سەفەر کردن بۆ ئێران لە حاڵێکدایە کە باراک ئۆباما سەرکۆماری ئامریکا رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی بە ناردنی نامەیەک بۆ سەرۆکایەتیی دوو مەجلیسی سێنا و نوێنەران، بە جەخت کردنەوە لەسەر نائاسایی بوونی پەیوەندییەکانی نێوان رێژیم ئێران و دەوڵەتی ئامریکا، دۆخی نائاسایی ئەو وڵاتەی سەبارەت بە رێژیمی ئێران بۆ ماوەی ساڵێکی‌تر درێژ کردەوە.

ساڵی ١٩٧٩ی زایینی بەرامبەر بە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، جیمی کارتێر سەرکۆماری ئەو کاتی ئامریکا سەبارەت بە رێژیمی ئێران دۆخی نائاسایی راگەیاند و ئەو دۆخە دواتر لەلایەن هەموو سەرکۆمارەکانی ئامریکا درێژ کراوەتەوە؛ ئەو گەمارۆیانە کە دەوڵەتی ئامریکا لە دەورانی سەرکۆماری جیمی کارتێر بۆ یەکەم جار دژی رێژیمی ئێران پەسندی کرد، رێگریی لە چالاکییەکانی رێژیمی ئێران لە ئامریکا گرت.