کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی نتانیاهۆ سەبارەت بە ساویلکەیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە پەیوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران

15:54 - 26 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ چەندمین جار سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران هۆشداری دا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ کاناڵی تەلەفیزیۆنی (CBS) سەرەڕای دەربڕینی پاڵپشتیی ئیسرائیل لە هاوپەیمانیەتی جیهانی دژی داعش، رێژیمی ئێرانی دوژمنی ئامریکا ناودێر کرد.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتەکانی خۆیدا بۆجارێکی دیکە سەبارەت بە ساویلکەیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە پەیوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوەکیی رێژیمی ئێران و لایەنە نیزامییەکانی هۆشداری دا.

نتانیاهۆ لە قسەکانی خۆیدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە هۆی بوونی ئیسلامییە توندڕەوەکان لە ژێر فەرمانی رێژیمی ئێران و حیزبووڵڵای لوبنان وەکوو گۆڕەپانی شەڕی جیهانی وەسف کرد و وتی ئیسرائیل بە هەموو هێز و تواناکانی خوازیاری لە ناوبردنی لایەنگریی شیعە و سووننەی توندئاژۆ لە ناوچەکە دایە کە بوونەتە هۆی هەڵگیرسانی ناسەقامگیریی ئێستا لە ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست.

هەتا ئێستا چەندین جار نتانیاهۆ سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئیسلامیی و لایەنە نیزامییەکانی هۆشداری بە گرووپی دانوستانکار داوە و خوازیاری لە ناوبردنی هەموو دەفرایەتیی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی بووە.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان رۆژی سێشەممەی ئەم حەوتوویە، رێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی لە شاری ڤییەن دەیەمین خولی دانوستانە ناوکییەکانی نێوان رێژیمی ئێران و ٦ زلهێزی جیهانی ناسراو بە گرووپی ١+٥ بەڕێوە دەچێت.

ئەو خولە لە دانوستانەکان لە ئاستی بەڕێوەبەرانی سیاسی دوو لایەن بەڕێوە دەچێت و هەتا کۆتایی کاتی دیاری کراو درێژەی دەبێت.
زۆربەی کارناسانی سیاسی لەبەر کێشەی قووڵی نێوان دوو لایەن، دەستپێڕاگەیشتن بە رێکەوتنی گشتگیر بە دوور دەزانن.