کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش بردنی نایاسایی بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە

19:58 - 9 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ناوەندە نیزامی و ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر و بە شێوەی نایاسایی هێرش دەکەنە سەر ماڵی هاووڵاتییانی کورد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێژیمی ئێران لە رێگەی ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتیی خۆیەوە، هێرش دەکاتە سەر ماڵی هاووڵاتییانی کورد و ئەم کردەوەیە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە هەروا درێژەی هەیە.

کوردستان لەو ناوچانەیە کە رێژیمی ئێران چاوەدێری توندتر دەخاتە سەری، بە شێوەیەکی سیستماتیک میلیتاریزەی دەکات و بە روانگەیەکی ئەمنییەتی چاوی لێ دەکات.

بەپێی راپۆرتە گەیشتووەکان لە کوردستانی ئێران، هێزەکانی رێژیمی ئێران جگە لە دەستبەسەر کردن و سووکایەتی بە هاووڵاتییانی کورد، بە شێوەی نایاسایی هێرش دەکەنە سەر ماڵی هاووڵاتییان و ماڵەکنیان دەپشکێنن.

هێزەکانی رێژیمی ئێران بە بیانوی کۆکردنەوەی دەزگای ماهوارە و هەبوونی چەک و چۆڵ، بە بێ مۆڵەتی دەزگای قەزایی هێرش دەکەنە سەر ماڵی هاووڵاتییانی کورد.

هەر لەم پێوەندییەدا، راپۆرتی گەیشتوو لە سائین‌قەڵا باس لەوە دەکات کە رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو رێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامی چوونەتە گوندی حاجی‌ئاوا و بە بیانوی هەبوونی چەک و چۆڵ کە لەلایەن هاووڵاتییانی کورد بیانوی دەستکرد ناو بردراوە، ماڵی هاووڵاتییانیان پشکنیوە.

هێزەکانی رێژیمی ئێران پاش پشکنینی ماڵی هاووڵاتییانی کورد بە بێ سەلماندنی هیچ کام لەو حاڵەتانە، دەگەڕێنەوە بۆ بنکەکانی خۆیان.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە ماددەی ٩٦ی یاسای ئایینی دادوەریی تاوان هاتووە: پشکنینی ماڵ و دوکان لە کاتێکدا ئەنجام دەردرێت کە گومانێکی بەهێز لە سەر دۆزینەوەی تاوانبار و کەرستەی تاوان لەو شوێنەدا بوونی هەبێت.

هەروەها چوونە ژوورەوەی نایاسایی و بە بێ موڵەت بۆ نێو ماڵی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان بە تایبەت هێزە نیزامییەکان لە حاڵێکدا کە لە ماددەی ١٠٠ی یاسای ئایینی دادوەریی تاوان باس لەوە دەکات کە پشکنینی ماڵ لە رۆژدا ئەنجام دەدرێت و لە شەودا تەنیا لە کاتێکدا کە پێویست بێت و دادوەر لە مەجلیسدا ئەو بڕیارەی دەر کردبێت.