کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە سەردەشت بێ ئاکام مایەوە

03:31 - 30 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی کار و چالاکی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەمجار لە سەردەشت دەرگیری ڕووی دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، کاتێک تیمێکی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی سەردەشت سەرقاڵی کاروباری حیزبی و تەشکیلاتی بوونە لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان تووشی شەڕ و پێکدادان دەبن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو ناوچەیە ڕایگەیاند، کاتێک دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرەو گوندی نستان حەرەکەت دەکەن، گرووپی زەربەتی هێزی تایبەتی ڕێژیمی خوێنڕێژی ئیسلامیی ئێران بەدوای پێشمەرگەکان‌دا دەچێت و لە ئەنجام‌دا شەڕ و تێکهەڵچوون ڕووی دەدات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە درێژەدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەیکە دەرگیری لە نێوان پێشمەرگەکان و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕوو دەدات، پێشمەرگەکان لە بەرەنگارییەکی قارەمانەنەدا پاشەکشە بە هێزەکانی ڕێژیم دەکەن و خۆشیان بێ هیچ زیانێک شوێنی دەرگیرییەکە بە جێ دێڵن.

هەروەها لە زیانی هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدرانی ڕێژیمی ئێران هیچ ئامارێک لە بەر دەست دا نییە.

دوابەدوای شکستی ڕێژیم لەو هێرشە بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، تۆپبارانی ناوچەکە دەست پێ‌دەکات و تا ئێستاش درێژەی هەیە.