کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم لە شاری مەریوان دەستیان بەسەر ماهوارەی هاووڵاتییاندا گرت

16:14 - 20 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم لە گەڕەکەکانی ترخان ئاوا و مزگەوتی نامی و تێرمینالی قەدیمی شاری مەریوان ژمارەیەک دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانیان کۆ کردەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم، ژمارەیەکی بەرچاو لە ماهوارەی هاووڵاتییانی دانیشتووی گەڕەکەکانی ترخان ئاوا، مزگەوتی نامی و ترمیناڵی قەدیمی شاری مەریوانیان بە شێوەی نایاسایی زەوت کرد.

هەر لەو پەیوەندییەدا رۆژی هەینی رێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای رەشەکان لە ناوچەی ئورمیە ماهوارەی ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی گوندەکانی نەناس و ناسراباتیان لە ناوچەی دۆڵ کۆ کردەوە و هەر لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر و بە شێوەی نایاسایی لە سایین‌قەڵا هێرشیان کردوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییانی کورد و بە بیانووی کۆ کردنەوەی ماهوارە، ماڵی هاووڵاتیانی کوردیان پشکنیوە.
بەوتەی شایەتحاڵان ئەو هێزانە بێ‌ئەوەی مۆڵەتی یاسایان پێ‌بێت دەستیان بە کۆکردنەوەی ماهوارەی دانیشتوانی ئە ئاواییە کردوە.
هێزەکانی رێژیم لە درێژەی گەڵاڵەی کۆ کردنەوەی ماهوارە، ماوەیەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستیان بە زەوت کردنی ماهوارەی هاووڵاتییان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا کردووە.