کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٣هەمین خولی كۆبوونەوەكانی شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان لەژنێڤ بەڕێوە چوو

16:26 - 22 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: لەبنكەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لەژنێڤ، ٢٣ هەمین خولی كۆبوونەوەكانی شۆرای مافی مرۆڤ بە بەشداریی نوێنەری نەتەوەكانی ئێران لەژێر ناوی داهاتووی نەتەوەكانی ئێران پاش ئەحمەدی نژاد بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەو كۆبوونەوە رێكەوتی ٢١‌ی جۆزەردان، لەلایەن UNPO واتە رێكخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەكان و بە پشتیوانی رێكخراوێكی ئیتالیایی بە ناوی رادیكاڵی دژبەر لەگەڵ توندوتیژی پێكهاتبوو.

كۆبوونەوەكە بەقسەكانی ئانتۆنیۆ ستانگۆ سەرۆكی رێكخراوی رادیكاڵی دژبەر لەگەڵ توندوتیژی دەستی پێكرد. پاشان هیلێل نۆیەر سەرۆكی رێكخراوی یوئێن واچ، وتارێكی سەبارەت بە پشتیوانی كردن لە نەتەوەكانی ئێران پێشكەش و ناوبراو ئاماژەی بە ناتەبایی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ پێوانە نێونەتەوەییەكان كرد.

دواتر دكتور كەریم عەبدیان، نوێنەری رێكخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز و بونیادی پەروردە و راهێنانی ئەهواز سەبارەت بە نادێمۆكراتیك بوونی هەڵبژاردنەكانی ئێران قسەی كردو وتی: هەڵبژاردن لەئێران ئازاد نیە، سوننی مەزهەب و ژنان ناتوانن ببنە سەركۆمار و ئێمە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا ناكەین چوونكە ئاڵوگۆڕێك لەژیان و گوزەرانی نەتەوەكانی ئێرانیدا پێك ناهێنێت.


لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا عەبدوڵڵا حیجاب نوێنەری حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە یو ئێن پی ئۆ، وتارێكی پێشكەش كرد. حیجاب وتی: گۆڕانی سەركۆمار لەئێران هیچ ئاڵوگۆڕێكی ئەوتۆ بە قازانجی ئازادی و دێمۆكراسی بە دوای خۆیدا ناهێنێ و سەركۆمار تەنیا شتێكی سەمبۆلیكە.

عەبدوڵڵاحیجاب لەو باوەڕەدابوو، بۆ پێكهێنانی ئاڵوگۆڕ پێویستە كە یاسای بنەڕەتی ئێران بگۆردرێ و دەستی سپا و هێزە چەكدارەكان لەدەسەڵاتی سیاسیی دابماڵدرێ.

دواتر بابان ئەلیاسی نوێنەری حیزبی دێمۆكرات لەسویس قسەی كرد و وتی: هەڵبژاردن لەئێران دێمۆكراتیك نیە و یاسای هەڵبژاردن بە تەواوەتی لەگەڵ یاسا و پێوانە نێونەتەوەییەكان جیاوازی و دژایەتیی هەیە.

پاشان تەیموور ئەلیاسی نوێنەری كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ وتارێكی پێشكەش كرد.
ئەلیاسی لەوتارەكەی دا ئاماژەی بەوە كرد كە ئێران بۆ بە چۆكداهێنانی نەتەوەكانی بن دەست لەو وڵاتە لە سێدارە و بڵاوكردنەوەی مادە هۆشبەرەكان كەڵك وەردەگرێت.

هەروەها مارینا نەمەت نووسەری پەڕتووكی بەندیخانەی تاران و پاش تاران بۆ بەشداران دوا.
هەر لەو پێوەندییەدا دكتور حاجی محەممەد كورد، نوێنەری رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤی توركەمەنستانی ئێران قسەی كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە سیاسەتی هەڵاواردن و پێشێل كردنی مافی مرۆڤی توركەمەنەكانی ئێران لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە درێژەی هەیە.

5107.jpg