کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٣ هەمین كۆنگرەی كۆمیتەی هاوكاری هێزە سیاسییەكانی كورد و كوردستانی لەوڵاتی سوید بەڕێوە چوو

22:01 - 3 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: ٢٣ هەمین كۆنگرەی كۆمیتەی هاوكاری هێزە سیاسیەكانی كورد و كوردستانی لەوڵاتی سوید بە بەشداری نوێنەرانی حێزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران مەولوود عەبدێلزادە، مستەفا زارعی و ئاوارە جەلالی بەرێوە چوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەرەتای كۆنگرەكە بە خۆلەكێك بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان دەستی پێكرد. پاشان لەلایەن بەرێز شەفیق كەیا بەرپرسی كۆمیتەی هێزە سیاسییەكانی كورد و كوردستانیەوە بەخێر هاتنی بەشدارانی كۆنگرەكە كرا و دواتر نوێنەری فێدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لەوڵاتی سوید شەرمین بۆزئەرسەلان پەیامیكی پێشكەش كرد و هەروەها مامۆستا كەریم بە نوێنەرایەتی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان لەسوید وتارێكی خوێندەوە.

پاشان هیئەت جەلەسەی بەڕێوەبەری كارەكانی كۆنگرە هەڵبژێردران وكارەكانی كۆنگرە بە خوێندنەوەی راپۆرتی سیاسی و كاروچالاكی و پاشانیش راپۆرتی ئابووری دەستی پێكردو پاش باس و موناقشە لەسەر راپۆرتەكان بە تێكرای دەنگ پەسەند كران.

بەشێكی دیكەی كارەكانی كۆنگرە تەرخان كرابوو بۆ باس لەسەر بەرنامە و پێڕەوی كۆمیتەی هێزە سیاسییەكانی كورد و كوردستانی.

كۆنگرە ٣ كەسی وەك دەستەی پێداچوونەوە بە بەرنامە و پێڕەو بۆ كۆنگرەی داهاتوو دیاری كرد و
دوایین بەشی كۆنگرە تەرخان كرابوو بۆ هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری نێوان دوو كۆنگرەی كۆمیتەی هێزە سیاسییەكانی كورد و كوردستانی.

پارتی دێمۆكراتی كوردستان، حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، یەكیەتی نیشتمانی كوردستان، ئەنجۆمەنی نیشتمانی كوردی سوریە و پارتی دێمۆكراتی باكوور ئەو پێنج حیزبی بوون كە وەك دەستەی بەڕێوەبەریی هەڵبژێردران.

هەر لەو پێوەندییەدا بەرێز شەفیق كەیا وەك نوێنەری پارتی دێمۆكراتی باكوور وەك بەرپرسی كۆمیتە دیاری كرا.

كۆمیتەی هاوكاری هێزە سیاسییەكانی كورد و كوردستانی لە وڵاتی سوید ماوەی ٢٦ ساڵە دامەزراوە و ٢٧ حیزبی كورد و كوردستانی ئەندامی ئەو كۆمیتەیەن.