کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە ماموستایانی قوتابخانەکانی کوردستان

20:38 - 18 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای ئورمیە لە ماموستایانی قوتابخانەکان و زەخت و گوشاری ناوندەکانی بەسیجی رێژیمی ئێران بۆ سەر قوتابیان بۆ بە ئەندام کردنی قوتابیان لە بەسیج درێژەی هەیە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە نامەیەکەی مەحرەمانەدا کە بۆ قوتابخانەکانی شارەکانی بۆکان، مەهاباد، شنۆ، پیرانشار و نەغەدەی ناردووە کە داوای لە ماموستایانی قوتابخانەکان کردووە لەگەڵ هیچ گۆڤار، رۆژنامە و میدیا ناوخۆییەکان و دەرەوەی وڵات وتووێژ نەکەن.

لە درێژەی ئەو نامەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای ئورمیەدا هاتووە کە ئەگەر ماموستایان پێشێلی ئەو بڕیارە بکەن بە توندی سزا دەدرێن و بە شێوەی ئیجباریی فۆرمی بەڵێنیان پێ پڕ کردوونەتەوە.

ماوەیەکە رێژیم بە شێووەیەکی بەرین و بەربڵاو گوشاری خستووەتە سەر قوتابیان و ماموستایانی کوردستانی رۆژهەڵات بۆ مل کەچ کردن و بەڕێوەبردنی بڕیارەکانی رێژیم کە ئەوەش ناڕەزایەتی ماموستایانی قوتابخانەکانی لێکەوتووەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا رێکخراوی بەسیجی سەر بە سپای پاسداران لە شاری بۆکان و گوندەکانی دەورووبەری ئەو شارە، پەروەندەی قوتابیان وەردەگرن و بێ ئاگاداریی قوتابیان و سەرپەرەستەکانیان فۆرمی بەسیجیان بۆ پڕ دەکەنەوە و دەیانکەنە ئەندام ئەو کردەوە دزێوەی رێژیمی ئێرانیش بووەتە هۆی کێشەی نێوان بەرپرسانی قوتابخانەکان و بەرپرسانی بەسیجی ئیدارەی فێرکردن و پەروەردەی شاری بۆکان و لە ئەگەر تەواوی قوتابیانی قوتابخانەکانی بۆکان و گوندەکان نەبنە ئەندامی بەسیج جێگری پەروەردەی و بەرپرسی گشتیی لەسەر کارەکانیان وەلادەنرێن.
لەو پەیوەندییەدا ناوەندەکانی بەسیجی رێژیمی زەختیان خستووەتە سەر مامۆستایانی قوتابخانەکانی پیرانشار و لە رێگای دەست و پەیوەندییەکانی بەسیج بە خوێندەوارانیان وتووە کە لە بەرامبەر ئەندامەتیی ئەواندا، بەڵێنی دانی ئیمتیاز لە داهاتوویان پێ دەدەن.

بەپێی ئەم راپۆرتە ئەم ئیمتیازانە کە باسی لە سەر دەکردرێت تێپەڕ کردنی خزمەتی ئیجباری لە ناوچەی لە دایک بووون، کەم کردنەوەی ٦ مانگ لە ماوەی خزمەتی ئیجباری، ئیمتیازی چوونە سەر کار لە داهاتوو و دابین کردنی بەستێنی لەبار بۆخوێندن لە زانکۆکان راگەیەندراوە.