کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردنە نادێمۆكراتیكەكانی رێژیمی ئێران پەرچەكردای جیهانی لێكەوتەوە

15:27 - 4 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: هەڵبژاردنی خولی یازدەهەمی سەركۆماری و شۆرای شاری و گوندەكانی رێژیمی ئێران بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو لەلایەن كۆمەڵگای جیهانییەوە رەخنەی لێگیرا.


رێكخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەڵبژاردنەكانی رێژیمی ئێسلامیی ئێرانیان بە نادێمۆكراتیك، نادادپەروەرانە، ناتەندروست و ناڕوون وەسف كردووە و رایانگەیاندووە، لەئێران نوێنەرانی راستەقینەی خەڵك زۆر بەئەستەم بەدی دەكرێت.
رێكخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، پێشێڵ کارییەكانی مافی مرۆڤ لەئێراندا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە هیچ دەرەتانێك بۆ هەڵبژاردنێكی ئازاد لەئێران نەماوەتەوە.
لەبەیاننامەكەدا هاتووە، لەئێران بەهیچ شێوەیەك ئیزنی بەشداری كردن بە ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردنەكاندا‌نادەن و لەچالاكی سیاسیی بێبەری كراون.
رێكخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ رایگەیاندووە، شۆرای چاوەدێری وەكوو كۆڕێك كە هیچ كام لە ئەندامەكانی بەهەڵبژاردن نیە و هیچ پێناسەیەك بۆ دیاری كردنیان دەست نیشان نەكراوە، ژنانی لەهەڵبژاردنەكان بێبەش كردووە و دەڵێ‌بەپێی یاسای بنەڕەتی ئێران سەركۆمار دەبێ‌پیاو بێت و ئەوەش یەكێكی دیكە لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لەئێرانە.
هەر لەو پێوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش سەبارەت بەهەڵبژاردنەكانی ئێران پەرچەكرداری لەخۆی نیشان داوە و لەو باوەڕەدا بووە، هەڵبژاردنەكان لەئێران زۆر نادادپەروەرانەیە.
جان كری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، كاتێك كە ناوەندێك دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە بە مەیلی خۆی خەڵكی تەئیدی سەلاحییەت یان رەت بكاتەوە، زۆر ئەستەمە كە بتوانین بڵێین هەڵبژاردنی ئازاد لەئێران بوونی هەیە.


زیاتر لە ٦٥٠ كەس لەئێران ناوی خۆیان بۆ پۆستی سەركۆماری لەوەزارەتی ناوخۆ تۆمار كردبوو و رێكەوتی ٣١ی بانەمەڕ، وەزارەتی ناوخۆی رێژیمی ئێران ناوی تەئید سەلاحیەتەكانی پۆستی سەركۆماری رێژیمی راگەیاند، لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە 8 كەس لەلایەن شۆرای نیگابان و خامنەیەوە تەئیدی سەلاحییەت كران و ناوی عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی و ئیسفەندیار رەحیم مەشایی لەناو لیستی تەئید سەلاحیەتەكاندا نەبوو.