کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی‌گۆڤاری‌\'\'واڵاپرێس\'\' ژمارە ٦٥ لەگەڵ بەڕێز مستەفا هیجری (بەشی‌ سێیەم)

14:30 - 27 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: گۆڤاری واڵاپرێس وتووێژێکی لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەنجام داوە کە دەقەکەی بەم چەشنەیە.

واڵاپرێس: ئەو بۆچوونەی یەکیەتی لە چییەوە سەرچاوەی گرتبوو بەرامبەر بە تۆ؟

هیجری: بە راستی بۆ خۆشم نازانم، من لەوێدا باسم کرد وتم ئەگەر لەو ماوەیەدا بەرپرسیارێتی حیزبیم هەبووە، بەرپرسیارێتی سەرەکیشم هەبووە، هەمیشە پێم خۆشە ئەگەر لە کۆبونەوەیەکدا، لە دانیشتنێکدا، لە نووسینێکدا، لە بڕیارێکدا، شتێکی ئاوا هەیە پێم بڵێن، دەنا ئەوەی ئێوە دەیڵێن دوور لە راستییە و هیچ بنەمایەکی‌ نییە، بێجگە لەوەی کە هەندێک کەس بۆ قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان یان هەر بابەتێکی سیاسی ئەو مەسەلەیان لەگەڵ ئێوە باس کردووە و هیچ ئەسڵ و ئەساسی نییە. لەوانەشە تەبلیغاتی‌لایەنی‌جیابۆوە لە حیزب لە سەروبەندی‌کۆنگرەی‌سێزدەدا ئەو بۆچوونەی‌لای‌هێندێک لە هاوڕێیانی‌یەکیەتی‌دروست کردبێ‌.
واڵاپرێس: یەعنی بە کورتی، کاک مستەفا یەکیەتیی نیشتمانی پێی وابوو دەرچوونی تۆ بە سکرتێر و دەرنەچوونەوەی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە نەخشی پارتیی تیایە؟

هیجری: دەکرێ‌ئەو خوێندنەوەی‌لێ‌ بکرێ‌، من ئەوەشم خوێندەوە کە یەکیەتیی نیشتمانی ویستی نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕێت کە ئێستا من بوومەتە سکرتێری حیزب، لەگەڵ یەکیەتیی نیشتمانی فاسیلەمان زۆر دەبێت وە بەو ئەندازەیە پێوەندیمان لەگەڵ پارتی بەهێزتر دەبێت.
واڵاپرێس: تا ئێستاش؟

هیجری: رەنگە تا ئێستاش ئەو بۆچوونە هەڵەیە لە لایەن ژمارەیەکی‌کەم لە برادەرانی‌یەکیەتی‌دا هەبێ‌، بەڵام دەمهەوێ‌ ئەوە بڵێم کە هیچ لایەنێک ناتوانێت تەئسیر بکات لە کۆنگرەی ئێمەدا، چونکە کۆنگرەی ئێمە نوێنەرەکانی بەشێوەی ئازاد لە بەدەنەی حیزبدا هەڵدەبژێرێن بەشێوەی دێموکراتیک دێنە سەرێ وە ئەوان بڕیاردەدەن.
واڵاپرێس: بەڵام رەنگە یەکیەتی نازی ئەوەی کردبێت کە پێی وایە حیزبی دێموکرات، حیزبی قاسملوو مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە نێوان بەڕێز مام جەلال و شەهید د. قاسملوو بەتایبەتی کە یەکیەتیی نیشتمانی لە ١٩٨٢ پشتیوانی لە خەباتی چەکداری ئێوە دەکات لە کوردستان، پێی وایە رەنگە گلەییەکانی لەوە بووبێت کە دەبێت حیزبی دێموکرات لە یەکیەتیی نیشتمانییەوە‌نزیک بێت بەهەر شێوەیەک، بەهەر دەلیلێک؟

هیجری: لەو کاتەدا یەکیەتیی نیشتمانی یارمەتییەکی زۆر گەورەی بە حیزب کرد بەتایبەت ئەوە شتێک بوو کە لەمێژووی جووڵانەوەی گەلی کورددا شتێکی زۆر دیارە بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ، ئێمەش وەک حیزبی دێموکرات ئەوەمان لەبەرچاوە‌ و قەدر زانی‌لەو هەڵوێستە دەکەین.
واڵاپرێس: لە ئێستادا کە کۆنگرەی نەتەوەیی حازرە، سەرکردەکانی یەکیەتی دەڵێن فکرەی کۆنگرەی نەتەوەیی هی مام جەلال و شەهید قاسملووە لە هەشتاکاندا باس کراوە، پارتی دێموکراتی کوردستان دەڵێت لە حەفتاکاندا ئیدریس بارزانی ئەوەی باس کردووە، پەکەکەش دەڵێت فکرەی ئێمەیە، تۆ پێت وایە بەتایبەتی ئەوەی یەکیەتیی نیشتمانی دەیڵێت کە فکرەی کۆنگرەی نەتەوەی هی مام جەلال و شەهید قاسملووە، ئەمە کە ئاگات لێیە لەنزیکەوە چۆنە؟

هیجری: من ئاگام لێیە کەلە ساڵەکانی دوای حەفتا ئەو فکرە هاتە پێشێ، لە نێوان سەرکردەکانی کورددا کە کۆنگرەیەکی نەتەوەی پێک بێت کە کورد مەرجەعێکی هەبێت بەگشتی هەموویان وەکوو یەک کە کوردستانی تورکییەی تێدا بوو، مام جەلالی تێدا بوو، د.قاسملووی تێدا بوو، باس لەوە دەکرا کە ئەو کۆنگرەیە پێک بێت، بەڵام دوای لێکدانەوەیەکی دوور و درێژ گەیشتینە ئەو قەناعەتەی وەزعیەتی دنیا و مەنتیقە و ئامادەی ئەوەی نییە تۆ کۆنگرەیەکی ئاوا پێک بێنیت کە بتوانێت درێژە بە کارەکانی خۆی بدات، چونکە لەهیچ کام لە بەشەکانی کوردستاندا ئەو فرسەتە نەبوو کە ئەو کۆنگرەیە پێک بێت و نەکەوێتە ژێر هەڕەشە، تەنانەت باس لەوە کرا زۆر باشم لەبیرە.
واڵاپرێس: ساڵی چەند؟

هیجری:
دەقیقەن ساڵەکەیم لە بیر نەماوە، بەڵام دوای هاتنە دەسەڵاتی‌رێژێمی جمهووری ئیسلامی بوو، باسی ئەوە کرا کۆنگرەکە، لە ئورووپا پێک بێت، بەڵام لە بەرپرسیاریەتییەکەی بسپێرێت بە کەسایەتییەکی ناسراوی ئورووپی، بەڵام حیزبەکانی هەموو بەشەکان بەشێوەی نهێنی یارمەتیدەر و پشتوانی بن لە باری ئابوورییەوە، تەنانەت هەندێک لە ئەندامانی حیزبەکانیش ئەندام بن لە کۆنگرە، بەڵام نەک ئەندامە ناسراوەکانی و ئەوانەی لە دونیادا ناسراو بن، چونکە ئەو دەمی وەزعیەتەکە بۆ ئەو کارە گونجاو نەبوو لەو پێوەندییەدا دوای بەحسێکی زۆر بە نەتیجە نەگەیشتین و مەسەلەکە تائێستا ماوە.
واڵاپرێس: بە بۆچوونی تۆ لە نێوان خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی، شەهید قاسملوو، مام جەلال جاران فکرەی سەرەکی ئەم کۆنگرەیە هی کێیە بە بۆچوونی تۆ؟

هیجری: ئەوەندەی بزانم ئەوانە تێیدا بەشداربوون، بەڵام بە روونی ئەوە نازانم کە کامیان دەستپێشخەر بوون.

واڵاپرێس: ئێران و تورکیە بانگێشت کراون وەک میوان بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی، بەڵام ئیبراهیم عەلی‌زادە سکرتێری کۆمەڵە لە دوایین دیداریدا دەڵێت من ناچمە ئەو کۆنگرەیەوە کە نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی تێدا بێت، من دەمەوێت نموونەیەکت بۆ بهێنمەوە، بۆ نموونە جامیعەی وڵاتانی عەرەبی رۆژێک نەبووە ئیسرائیل بانگ بکەنە کۆبوونەوەکانی خۆیان، ئەوە چ خێرە لێرە کۆنگرەی نەتەوەیی بڕیارتان داوە کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیە و سووریە و ئێران و عێراق بانگ بکەن، کە لە کاتێکدا کۆنگرەکە مەهامەکەی ئەوەیە کە کورد نەجاتی بێت لەمانە ـ کورد یەکگرتوو بێت و بتوانێت بەئاشتی بژی، ئەگەر قەرار بێت کورد دەوڵەتی خۆی دروست بکات رزگاری بێت؟

هیجری:
جیاوازییەک هەیە لەنێوان جامیعەی عەرەبی لەگەڵ ئێمە، لە جامیعەی عەرەبیدا بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی تا ئێستا ئیسرائیلیان بە ڕەسمی نەناسیوە، بۆیە شتێکی تەبیعییە کە نوێنەری رەسمی ئەو وڵاتە لەکۆڕ و کۆبوونەوەکانی مەنتیقەیدا لەکۆڕ و کۆبوونەوەکانی نێونەتەوە بەشداری دەکەن، ئەوان بەشداری نەکەن، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران وەکوو حکومەتێک هەیە ئێستا ئێمە قبوڵمان نییە وەک حکوومەتێکی دێموکرات، وەکوو حکومەتێکی گەلی لەسەر ڕەئی ئازادی خەڵک پێکهاتبێت، ئەوە راستە مەسەلەی‌تورکیە‌ و سووریە ‌و عێراقیش جیاوازن، بەڵام من لەو باوەڕەدام هەڵومەرجەدا کە ویست و داخوازەکان یان بەرنامەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی رادەگەیەنرێت نوێنەری ئەو وڵاتانەی کە کوردیان تێدا بێبەش کراوە با ئەوانیش لەوێ حزوریان هەبێت، با نوێنەری کۆماری ئیسلامی حزوری هەبێت، لەوێدا هێزی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانیش قسەی خۆی بکات، وتاری خۆی بدات، من لەو پێوەندەدا ئەوەی بە خراپ نابینم بەتایبەتی ئەو واقیعەتەی کە ئەمڕۆ تێیدا هەڵکەوتووین، دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین، نەک هەر ئێمە وەک کوردی رۆژهەڵات، بەڵکوو کوردەکانی دیکە تا ئێستاش پێمان خۆش بێت، پێمان ناخۆش بێت تەئسیری حکوومەتەکانی وڵاتەکانمان بەسەرەوە هەیە، هەروەک بینیمان ئەو کاتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک هات لەسەرەتادا کۆماری ئیسلامی ئێران ‌و تورکیا کەوتنە دژایەتی کردن و بەهەموو جۆرێک کۆسپیان پێک دەهێنا، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەخۆشییەوە بەڕوونکردنەوەی مەسەلەکان توانیان کارێکی وا بکەن کە ئەو دوژمنایەتییە تا حەددێک کەمبکەنەوە، ناڵێم ئێستا ئەوان دڵیان خۆشە بەپێکهاتنی حکوومەتی هەرێم، بەڵام لەو دوژمنایەتییە ئاشکرایەی خۆیان کەم کردووەتەوە، بۆیە من لەو پێوەندەدا موشکیلەیەکی ئەوتۆ نابینم کە تەنانەت نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە کۆنگرەکەدا حزووری هەبێت.
واڵاپرێس: ئەگەر ئاڕاستەی کۆنگرەکە و بانگێشتکردنی ئێران بەو شکڵە بڕوات کە تەکلیفی ئەوەتان لێبکرێت لە پەراوێز و کۆبوونەوەکان لەگە‌ڵ وەفدی کۆماری ئیسلامی دابنیشن، ئامادەن؟

هیجری: من بەو جۆرە دانووستانانە کە کتوپڕ بێت و لەناکاو و بێ بەرنامە بێت، زۆر باوەڕم پێی نییە، چونکە ئەگەر حکوومەتی کۆماری ئیسلامی یان هەر حکوومەتێک بیەوێت لەگەڵ هێزی ئوپۆزسیۆنی خۆی قسە بکات، پێویستیی بە هەندێک زەمینەسازی و ئامادەکاری هەیە.


واڵاپرێس:
لە ئێستادا هیچ زەمینەیەک نابینیت بۆ دانیشتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی؟

هیجری:
لە ئێستادا هیچ زەمینەیەک نابینم، چونکە من هیچ دەلیلێک بۆ ئەوە نابینم کە کۆماری ئیسلامی گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی نەک لەسەر مافەکانی گەلی کورد ‌و باقی نەتەوەکانی‌تر قسە بکات، کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا ئامادە نییە مافی وەفادارترین کەسایەتییەکانی کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامییان دامەزراندووە بە رەسمی بناسی‌، مەهدی کەڕوبی و میر حوسێن مووسەوی لە زیندان دان کە رێبەرانی جووڵانەوی سەوزن، خۆ ئەوان هیچ مافێکیان داوانەکردووە، ئەوان باوەڕیان بە کۆماری ئیسلامی هەیە، باوەڕیان بە قانوونی ئەساسی هەیە، باوەڕیان بە ویلایەتی فەقیهـ هەیە، تەنیا داوایان ئەوە بوو کە بتوانن لە حکوومەتدا بەشدار بن، بەڵام ئەوانەی نەهێشت، هاشمی رەفسەنجانی کە لەباری سیاسییەوە بە تواناترە لە خامنەیی‌و زۆر نزیکتر بووە لە خومینی وە لە دامەزرێنەررانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، قبووڵی ناکات لە کاندیداتۆری‌سەرکۆماری وەلای دەنێت، چۆن دەبێت ئێمە چاوەڕێی‌ئەوە بکەین کە کۆماری ئیسلامی بیەوێت لەسەر مافی کورد و ئازادی و دێموکراسی و ئەو شتانە لەگەڵ ئێمە قسە بکات، مەگەر ئەو کاتەی‌بیهەوێ‌پیلانێکی‌دیکەی‌خۆی‌دژی‌ئێمە جێبەجی‌بکات.
واڵاپرێس: ئێوە لە ئێستادا هیچ رێگەچارەیەک نابینن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دانووستان کردن؟

هیجری: ئێمە ئێستا هیچ ئومێدێک نابینین کە کۆماری ئیسلامی بکەوێتە ئەو خەتە.
واڵاپرێس: ئەگەر ئێران داوایەکی وا بکات تۆ دابنیشی لەگەڵیاندا وەک سکرتێری حیزبێک، لەکوێ حەزدەکەیت دابنیشیت ئەو دیالۆگە بەڕێوەبچێت بە ئامادەبوونی کێ، ئەمریکا، ئورووپا، حکوومەتی هەرێم؟

هیجری: ئێستا بیرم لێ نەکردووەتەوە، چونکە لەو باوەڕەدا نەبوومە کە ئێران داوایەکی‌ئاوا بکا.


واڵاپرێس:
چواردە ساڵە بۆ یەکەمجارە پێنج سکرتێری حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە هەرپێنجتان (موهتەدی، عەلی‌زادە، هیجری، خالید عەزیزی و ئێلخانیزادە) لە بارەگاکەی ئێوە لە کۆیە کۆبوونەوە، ئایا ئەمە سەرەتای هەنگاوێکی باشە بۆ رۆژهەڵات و بۆ ئوپۆزسیۆنی کوردی رۆژهەڵات، هەست کردن بەمەترسییە یەکیخستوون، یان ئەوەی تۆ لەسەرەتاوە وتت هەست کردن بە پەرپرسیاریەتییەکی تازەی شۆڕشگێڕانە و ئەخلاقی و نەتەوەیی‌یە، واتە کامییانە، لەمبارەیەوە کەواتە کۆنگرەی نەتەوەی بۆ ئێوە هەنگاوێکی تازەیە، لانی کەم پێنج سکرتێری حزب لەماوەی چواردە ساڵی رابردووا یەکەمجارە پێکەوە دابنیشن؟

هیجری:
بە بۆچوونی من هەر دووکیەتی، هەم مەترسییە هەم هەست بە بەرپرسیارێتییە، مەترسی لەو بارەوە کە ئێمە رووبەڕووی هەڕەشەی زۆرین لە مەنتیقەدا، تەنانەت لە عێراقیشدا بەبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ناکرێت ئێمە بێخەیاڵ بین پێمان وابێت هیچ مەترسییەک رووبەڕووی ئێمە نابێتەوە، ئەوە بەشێکێتی، بۆیە پێویستە یەکگرتوو بین و بەرنامە و پڕۆژەی هاوبەشمان هەبێت لەزۆر خاڵدا، مەسەلەی دووەم ئەوەی کە باستان کرد مەسەلەی بەرپرسیاریەتییە، بەرپرسیارییەتی بۆ ئەوەی ئێمە ئەگەر یەکگرتوو نەبین و نەتوانین لەسەر خاڵە گشتییەکان کە زۆر مەسەلەی نەتەوایەتی دەگرێتەوە پێکەوە بەرنامەی هاوبەشمان هەبێت لە داهاتوودا لە ئاڵوگۆڕەکانی کە چاوەڕوان دەکرێت لە ئێراندا بێتە پێشێ نەتوانین بەو جۆرەی کە پێویستە لە خزمەت ئامانجەکانی نەتەوەکەماندا بین و ئەو بڵاوی و دەنگی‌جیاواز و گێرە و کێشەکان جارێکی دیکە بەخۆمانەوە مەشغووڵمان بکەن و فرسەتەکانمان لە دەست بچێت، بۆیە هەردوو لایەنی تێدا دەبینم.
واڵاپرێس: پێتان خۆشبوو و هەرپێنجتان شتێکی باشبوو؟

هیجری: بەڵێ، من پێشتریش هەوڵمدا کە ئەوکارە بکەین، بەڵام سەرنەکەوت، بەڵام بەخۆشییەوە ئەمجارە جێبەجێ بوو.


واڵاپرێس:
کێ رێگربوو لەوەی کە تۆ سەرنەکەوتی؟

هیجری:
نامەوێ بڵێم کێ رێگربوو، بەڵام بۆ مەسەلەی مەشوەرەت کردن لەسەر هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران و هەڵوێستی هاوبەشمان من هەوڵمدا هەموومان لەجێیەک کۆ ببینەوە، لەهەر جێگایەک کە پێیان باش بێت، کۆ ببینەوە ئەوە هەندێک لایەن موخالیف بوون، مەبەستم ئەوەیە لەمێژە لەهەوڵی ئەوەدام، بەڵام ئەمجارە بەخۆشییەوە جێبەجێ بوو، زۆر خۆشحاڵم.
واڵاپرێس: مێژوویەکی تاڵیشتان هەیە ئەم پێنج سەرکردەیە بەیەکەوە نییە؟

هیجری: زۆر.
واڵاپرێس: نەتاندەتوانی پەیمانێک بنووسن لە نێوان هەر پێنجتاندا کە شەڕی ناوخۆ تەحریم کەن، هەڕەشە نەبن لەسەر یەکتر، یان لە ئایندەدا شتێکی ئاوا بەنیاز نین؟

هیجری: ئێمە لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە کاک عەبدوڵڵا سەرۆکایەتییەکەی دەکات هاوپەیمانییەکمان هەیە، هەندێک خاڵی هاوبەشمان ئیمزاکردووە و رامانگەیاندووە، دەمێنێتەوە سەرئەوەی لەسەر مەسەلەی شەڕی چەکداری لەگەڵ یەکتری یان زۆر خاڵی دیکە، گرنگ ئەوە نییە چ شتێک دەنووسین و ئیمزادەکەین، گرنگ ئەوەیە چەند باوەڕمان پێیەتی، چونکە لە مەنتیقەدا زۆر قەرارات و هاوپەیمانی ئیمزاکراوە و بڵاوکراوەتەوە و راگەیەنراوە، بەڵام دوای تێکچووە، وەکوو لەسەرەتادا عەرزم کردیت ئەو تەجروبە تاڵانەی رابردوو پێم وایە ئێمەی هێنا‌بێتە سەر ئەو باوەڕەی چونکە هیچ کامێکمان نە وەک حیزبێکی سیاسی نە وەک خەڵکەکەمان قازانجی لێناکەین، ئێمە گەیشتوینەتە ئەو قەناعەتە، بۆیە پێمان وایە کە لەگەڵ هیچ هێزێکی کوردی نامانەوێت تووشی بەربەرەکانییەکی چەکداری بین.
واڵاپرێس: تۆ باسی ئەوەت کرد بۆ نموونە رێکەوتنێکتان هەیە لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کاک عەبدوڵڵای موهتەدی، بەڵام بەشێکی، رەخنەتان لەسەرە ئەم دوو هێزە خۆیان جیاکردووەتەوە بۆ نەدەکرا هەموو هێزەکان بەیەکەوە بن؟

هیجری:
زەمینەی نەبوو، موشکیلەکە، موشکیلەی ئێمە نەبوو، موشکیلەی بەشەکانی دیکە بوو، ئەو هێزانەی لەنێو خۆیاندا موشکیلەیان هەبوو، دەنا ئێمە ئێستاش هەوڵ دەدەین بۆ فراوانتر کردنی‌ئەم هاوپەیمانی‌یە.
واڵاپرێس: ‌مەسەلەکە ئەوەیە کە ئێوە تەنیا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان بەڕەسمی وەکوو کۆمەڵە ئەناسن؟

هیجری:
ئەوان لەناوخۆی خۆیاندا کێشەیان هەیە، لای ئێمە هەر رێکخراوێک بەوناوەی کە هەیە ئێمە پێوەندیمان لەگەڵیان هەیە و کێشەمان نییە، زۆر ئاسوودەین لەگەڵیان لە پێوەندی‌یەکاندا.


واڵاپرێس:
خاڵی هاوبەشتان هەیە لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان؟

هیجری: بەڵێ، هەندێ خاڵمان هەیە کە لەپەیماننامەکەدا ئیمزامان کردووەو رامانگەیاندووە.
واڵاپرێس: بەنیازن ئەوە فراوان بکەن لە داهاتوودا؟

هیجری: هەوڵ دەدەین ئەگەر ئەو کێشەیەی نێوان خۆیان چارەسەر بێت ئێمە لە هەوڵی ئەوە داین کە بەرفراوانتری بکەین.
واڵاپرێس: کۆمیتەی کوردستانی ــ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران راگەیاندنێکی داوە دەڵێت ئێمە ئامادە نین بچینە ژێر ئەم پلانگێڕییەوەو ئەوە هەوڵێکی ناسیۆنالستانەیە، بۆ سازشە لەگەڵ ئێران، تەنانەت وای ناو دەبات ئێوە لەم بارەیەوە قسەیەکتان هەیە لەسەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران؟

هیجری: حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران ‌و ئێمە جیهانبینییەکی تەواو لێکجیاوازمان هەیە بە نیسبەتی ئێران، بە نیسبەتی مەنیتیقە، بە نیسبەتی دنیا، بە نیسبەتی مافی نەتەوایەتی ئەو بیر و باوەڕەی کە هەمانە وەکوو کورد لەگەڵ ئەوان بەتەواوی لەجیاوازی دایە، ئەوان هەر لێک نزیکبوونەوەی هێزەکانی کوردی، هەر ئاڵوگۆڕێک لەو پێوەندی‌یەدا هەمووی لە چوارچێوەی بیری‌کۆمۆنیزمدا دەبینن، پێیان وایە هەموو شتێک ئەمریکایە رێکی دەخات و بەخۆشییەوە ئەو بیر و بۆچوونانە هەم لە ئێراندا هەم لە مەنتیقەدا زۆر لاواز بووە.
واڵاپرێس: کاک مستەفا کەسایەتییەکانی یارسان و پارتێکی یارسانەکان گلەیی دەکات کە دەڵێت کورسییەکانی رۆژهەڵات لەنێوان دوو حیزبدا یان لەنێوان ئەو پێنج لایەنەدا دابەشکراوە، حسابیان بۆ یارسانەکان نەکردووە، کە کوردن و خۆیان پێ کوردە و باسی ئەوە دەکات کە هیچ کەس لە کوردەکان لە ئیلام و کرماشان و خوراسان دەعوەت نەکراون، ئێوە جوابێکتان هەیە بۆ یارسانەکان؟

هیجری: بەڵێ، یارسانەکان کوردن، کوردی رەسەنن و لەگەڵ ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد جیاوازییەکیان نییە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، ژمارەیەکی زۆر یارسانمان هەیە لە مەنتیقەی یارساندا حیزبی دیموکرات جێ پێی قایمی خۆی هەیە، بەڵام ئەگەر هەندێک بۆچوون لێ دروست بووە ئەوانە بە بۆچوونی من بۆ قازانجی یارسان نییە، بەڵکوو بۆ قازانج و بەرژەوەندی هێندێک لەو کەسایەتی‌یانەیە، کۆنگرەی نەتەوەیی هێشتا پێک نەهاتووە چ مەعلووم لە مەنیتیقەی کرماشان و ئیسلام خەڵک دەعوەت ناکەن، ئەوە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە ئەوەش بۆ خۆی دەچێتە ژێر پرسیار ئایا ئوسووڵەن کەسانێک لەناوخۆی ئێران بەو فەزایە سیاسییەی لە ئێراندا حاکمە ئایا دەوێرن بێنەدەرێ، ئێران ئیجازەیان دەدات بێن لە کۆنگرەی نەتەوەییدا بەشداری بکەن؟ ئەوە بۆ خۆی جێگای باسە.