کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورمیە/ ٣٠٠ خوێندنگە لە شاری چایپارە کێشەی پرتوکاوی و ناستاندارد بوونی بینایان هەیە

20:14 - 4 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: شاری چایپارە لەگەڵ ئەوەی کە هەردەم هەڕەشەی ئاشکرای بوومەلەرزەی لەسەرە، بەڵام پرتوکاوی بینای خوێندنگەکان لە ئاستی ئەو شارستانە بە بێ‌چارەسەری لەلایەن ناوەندە پەیوەندی‌دارەکان ماوەتەوە.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەری دانشجوویانی ئێران، ٢٨٨ قوتابخانەی ناستاندارد و پرتوکاو لە شاری چایپارە بوونی هەیە.

خوێندەواران لە کاتێکدا لەو ٢٨٨ خوێندانگایە سەرقاڵی خوێندنن کە شاری چایپارە بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافیایی لەسەر هێڵی بوومەلەرزەی تەبریز ــ خوی، بەردەوام لە ژێر هەڕشە دایە و بە یەکێك لە ناوچە مەترسی‌دارەکان بۆ زەوی لەرزە لە پارێزگای ئورومیە ناسراوە.

بەپێی دوایین هەواڵەکان ٤٧٥٠ خوێندنگە لە پارێزگای ئورومیە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە و گیانی زیاتر لە ٤٠٠٠ قوتابی ئەو ناوچەیە لە مەترسیدایە.

بەهەمان شێوە ٤٠% خوێندگەکانی شاری سنە بەکەڵکی نیشتەجێ بوون نایەن و پێویستیان بە نوێ سازییە، کە ژمارەی ئەو خوێندنگەیانە ١١٩٢ بینایە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ١٢٦٨ خوێندنگەی دیکە لە پارێزگای سنە لە زووترین کاتدا پێوسیتیان بە نۆژەنکردنەوەیە.

لە ئێستادا زیاتر لە ٥٠%ی قوتابخانەکانی ئێران لە خشت درووست کراون و کێشەی نەبوونی ئیمکاناتی پێویست و پرتوکاوی بیناکانیان، هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە بەرپرسانی رێژیم ئەو خوێندنگایانە بە بۆمبی کاتژمێری ناوزەد بکەن.

رێژەی وازهێنان لە خوێندن و بێ سەوادی، بە هۆی نەبوونی کەلووپەلی پەروەردەیی، شوێنی پێویست، خوێندنگە داڕماوەکان و لەم دواییانەشدا داخرانی بەشێک لە خوێندنگەی گوندەکانی پارێزگا کوردییەکان، زیادی کردووە.

هەواڵەکان باس لەوەدەکەن کە تەنها لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە زیاتر لە ١٠ هەزار منداڵی تەمەن ٦ هەتا ١٣ ساڵ لە ساڵی خوێندنی ٩٢-٩٣ لە خوێندن دابڕاون.

مادەی سێهەمی یاسای بنەڕەتی رێژیمی ئیسلامی، یەکێک لە ١٦ ئەرکەکانی دەوڵەتی بە دابینکردنی مافی \'\' پەروەردە و فێرکاری و لەشساغیی بێ بەرانبەری بۆ هەمووان لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن\'\'، دیاری کردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە پارێزگاکانی سنە و ئورومیە ٥٤٥ هەزار نەخوێندەوار هەیە و ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی ئەو دوو پارێزگایە لە ریزبەندیی نەخوێندەوارترین پارێزگاکانی ئێراندا جێ‌بگرن.