کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورمیە/ نووسینی تابلۆ و بەنێر بە زمانی کوردی قەدەغە کرا

10:30 - 8 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئێران لە پارێزگای ئورمیە، نووسینی تابلۆ و بەنێری تەبلیغاتییان بۆ دووکان و شوێنە گشتییەکان بە زمانی کوردی قەدەغە راگەیاند.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ناوەندەکانی رێژیمی ئێران لە پارێزگای ئورمیە بە بازاریان و دووکاندارەکانیان راگەیاندووە، کە ئیزنی بەکارهێنانی واژە و دەستەواژەی کوردییان لەسەر تابلۆ تەبلیغییەکاندا نییە.
بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، هاووڵاتییانی دانیشتووی ئورمیە لەلایەن ناوەندەکانی رێژیمی ئێرانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە پێویستە زمانی فارسی وەکوو زمانی فەرمیی ئێران لە نووسینی تابلۆ سەر درگای دووکانەکانیان بەکاربهێنن.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئورمیە لە پێوەندی لەگەڵ بەکارهێنانی زمانی کوردی بۆ دووکانەکان بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: تێکڕای هاووڵاتییان ئاگادار کراونەتەوە بە زووترین کات ئەو تابلۆیانەی کە زمانی کوردی نووسراون، بۆ زمانی فارسی بیانگۆڕن.