کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورمیە/ کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی رێژیمی ئێران بریندار کرا

15:24 - 21 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی ئورمیە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە توندی بریندار کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی گوندی \'\'شەقڵاوا\'\' سەربە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە بەناوی \'\'زێڕۆ\'\' کوڕی \'\'مێرۆ\'\'، لە سنووری نێوان ئێران و تورکیە درایە بەر دەستڕێژی گوللـەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجامدا بە توندی بریندار بوو.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەو کۆڵبەرە کوردە تەمەن ٣٥ ساڵە، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بریندار بووە، رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری شەمزینان لە کوردستانی باکوور کراوە و هەنووکە لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە.

لەو پێوەندییەدا سەر لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی گەلاوێژ، \'\'ئەسعەد حاجی حوسێنی\'\' کوڕی \'\'عەبدوڵڵا\'\' و تەمەن ٤٠ ساڵ، ناسراو بە \'\'ئەسعەد خوری\'\' خەڵکی گوندی \'\'شێلمجاڕان\'\' و دانیشتووی گەڕەکی \'\'کۆنەخانێ\'\'ی پیرانشار لە شوێنێک بەناوی \'\'سەوە لە چیای ملە مارە\'\'، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەی لێ کرا و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئاماری کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵەوە هەتا ئیستا ٢١ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستانی ئێران کوژراون و بریندار بوون.