کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كوشتاری تازەی هێزەكانی رێژیمی سووریە لە دیمەشق

17:46 - 2 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: لانی كەم ٨٥ كەس لەئەنجامی هێرشی هێزەكانی بەشار ئەسەد بۆ ناوچەی جەدیدەلفەیسەل لەدیمەشق كوژراون.
هەواڵدەریی رویتێرز بڵاوی كردەوە، رێژیمی سووریە بەبەردەوامی دەستی بەكوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنیی كردووە و هاوكاتیش پێش بە چوونی رۆژنامەنووسان بۆ شوێنی رووداوەكان دەگرێت.
هەر لەو پێوەندییەدا جەماڵ گوڵانی لەئەندامانی ئەرتشی ئازاد رایگەیاندووە، لەماوەی چوار رۆژ تێكهەڵچوون لەناوچەی جەدیدەلفەیسەڵ لەدیمەشق زیاتر لە ٢٥٠ هاووڵاتیی مەدەنیی بەدەستی هێزەكانی بەشار ئەسەد كوژراون.
دانیشتوانی ئەو ناوچەیە سوننی مەزهەبن و بە یەكێك لەناوەندە سەرەكییەكانی دژبەرانی رێژیمی بەشار ئەسەد دێتە ئەژمار.
قەیرانی سووریە بەشەڕ و تێكهەڵچوونەوە ماوەی دوو ساڵ لەمەوبەر دەستی پێكرد و بەپێی ئاماری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر لە ٧٠ هەزار كەس هەتا ئێستا کوژراون.
لەلایەكی دیكەوە ماوەیەك لەمەوبەر مەعاز خەتیب بەرپرسی ئەنجومەنی نیشتمانی سووریە بە هۆی یارمەتیی نەكردنی رۆژئاوا بە شۆڕشی ئەو وڵاتە دەست لەكار كێشانەوەی راگەیاندبوو.