کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"كوژران لە پێناوی ژیان\" راپۆرتی كوردستان میدیا لەبارەی كوژران و بریندار بوونی كۆڵبەران/ مانگی بانەمەڕ

22:42 - 31 بانەمەڕ 2713

کوردستان میدیا: بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەماڵپەڕی كوردستان میدیا لەماوەی مانگی بانەمەڕدا ١٤ كۆڵبەر و كاسبكاری كورد بە تەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێران لەناوچە سنوورییەكانی كوردستانی رۆژهەڵات و هەروەها رووداوی مین ـەوە كوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە 4 كۆڵبەری كورد بەتەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی تاران كوژراون و هەروەها ١٠ی دیكەش هەر بە دەستڕێژی چەك و رووداوی مینەوە بریندار بوون.

پیرانشار

هەر لەسەرەتای مانگی بانەمەڕدا كۆڵبەرێكی خەڵكی ئاوایی دربكەی سەر بە شاری پیرانشار لەناوچە سنوورییەكانی كوردستانی رۆژهەڵات بەتەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست دا.

ئیبراهیم عەزیزی تەمەن ٣١ساڵ و خاوەنی ژن و منداڵ، ئەو كۆڵبەرە كوردە بوو كە لەنزیك شاری شنۆ گیانی لێئەستێنرا.

هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی ٥ی بانەمەڕ كۆڵبەرێكی دیكەی كورد بەناوی كەماڵ كوڕی مام خدر خەڵكی گوندی قزقاپانی ناوچەی پیرانشار، لەسنووری حاجی ئۆمەران تووشی رووداوی تەقینەوەی مین بوو و لە ئەنجامدا یەكێك لە لاقەكانی خۆی لەدەست دا.

سەید چیا پەرهیزكار تەمەن ٣٠ ساڵ، كوڕی سەید محەممەد و خەڵكی ئاوایی تركەشی سەر بە ناوچەی بەری مێرگانی پیرانشار كۆڵبەرێكی دیكە بوو كە بەتەقەی هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئێران كوژرا.

ئەو كۆڵبەرە كوردە لەشوێنێك بەناوی مێرگژانی پیراشار كەوتبووە بۆسەی هێزەكانی رێژیمی ئێرانەوە.

سەردەشت


رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٤ی بانەمەڕ دەستەیەك لەكۆڵبەرانی ناوچەی سەردەشت کەوتنە بۆسەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئیران و لە ئەنجامدا كۆڵبەرێك بەناوی ناسر عەلیخانی خەڵكی گوندی بێژوێی ناوچەی ئالانی سەردەشت بەتوندی بریندار بوو.

لەلایەكی دیكەوە شێركۆ مەسلەحەت خەڵكی ئاوایی دۆڵە گەرمە و ئاوات خەڵكی گوندی قازانی سەردەشت دوو كۆڵبەری و كاسبكاری دیكەی كورد بوون كە بەتەقەی هێزە ئینتزامییەكانی رێژیم بریندار كران.

ئەو كۆڵبەرانە تەنیا بە مەبەستی دابین كردنی بژێوی ژیانیان دەستیان داوەتە ئەو پێشە پڕ لەمەترسییە و زۆر جاریش ئەو پیشەیە مەترسییەكەی دەگاتە ئاستی گیان لەدەست دانی ئەو كۆڵبەرانە و جێگای تێڕامانی ئەو دیاردەی كوشتنە لێرە دایە كە بەپێی بەندی ئەلف لە مادەی ٢ی یاسای قاچاخی كاڵای رێژیمی ئێران، ئەگەر كاڵایەك كەمتر لەیەك میلیۆن تمەن بایەخی هەبێ ئەوە ناچێتە چوارچێوەی كەلوپەلی قاچاخ و سزای نییە.

پاوە


رێكەوتی ١٤ی بانەمەڕ نەبی عەبدوڵڵاهی، مەهدی عەبدوڵڵاهی خەڵكی ئاوایی بانەوەر و ساڵح ساڵحی خەڵكی ئاوایی سەركرانی پاوە لە جادەی ساوە ـ تاران لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە درانە بەر دەستڕێژ و لەئەنجامدا نەبی عەبدوڵڵاهی خەڵكی بانەوەری شاری پاوە گیانی لێئەستێنرا.

هەر لەئەنجامی ئەو دەستڕێژییەدا مەهدی عەبدوڵڵاهی برای نەبی و ساڵح ساڵحی بەتوندی بریندار كران و ئەو دەستڕێژییە لە ماشێنی ئەو سێ هاووڵاتییە كوردە لەحاڵێكدا بووە كە هیچ كەلوپەلێكیان پێ نەبووە.

بە پێی مادەی ٧ لەیاسای بەكارهێنانی چەك لەلایەن هێزە چەكدارەكانی رێژیمی ئێرانەوە، پێشتر دەبێ ئاگادار كردنەوە (اختار) بە كەسی تاوانبار یان گومان لێكراو بدرێ و ئەگەر ئەنجامی نەبوو لەقۆناغی دووهەمدا تەقەی هەوایی بكرێ و ئەگەر تەسلیم نەبوو لە كەمەر بۆ خوارێ بپێكرێ و كاتێك تەقە لەكەمەر بەرەو خوار دەكرێ تەنیا دەبێ لەلاقی بدرێت.

مەریوان


لەدرێژەی تەقە كردنی راستەوخۆ لەهاووڵاتیانی كوردی بێتاوان رێكەوتی ١٥ی بانەمەڕ دوو هاووڵاتیی مەریوانی بەناوەكانی حەبیبوڵڵا محەممەدی و بێهرووز ئەحمەدی كە بە ماشێن دەیانهەویست بەرەو مەریوان بگەڕێنەوە لەلایەن هێزەكانی سەر بە بازگەی پشكنینی هێزی ئینتزامیی رێژیم لەنزیك مەریوان درانە بەر دەستڕێژ.

ئەو دوو هاووڵاتیە مەریوانییە لەئەنجامی ئەو دەستڕێژییەدا بەتوندی بریندار بوون.

ورمێ


رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ٢٢ی بانەمەڕ كۆڵبەرێكی كورد بەناوی سادق شێخی تەمەن ٢٦ ساڵ و كوڕی نایفت،لەلایەن هێزە نیزامییەكانی جێگیر لەپایەگای مەیدانی ناوچەی ورمێـوە تەقەی لێكراو لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.

ئەو كۆڵبەرە كوردە خەڵكی گوندی فەزیانی سەربە ناوچەی برادۆستی ورمێ بووە و ساڵی رابردووش لەهەمان شوێن بەدەستی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار كرابوو، كە پاش ساڕێژ بوونەوەی برینەكانی، بەهۆی هەژاری و دەستكورتییەوە سەر لەنوێ رووی لە كۆڵبەری كردبوویەوە.

بانە

رێكەوتی ١٩ی بانەمەڕ كاسبكارێكی كورد خەڵكی ناوچەی بانە بەناوی ئازاد سووراوی كە بە ماشێنەكەی لەحاڵی گەڕانەوە بۆ ماڵەوەدا بوو، لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانی شاری بانەوە تەقەی لێكراوە و لە ئەنجامدا بە توندی بریندار بوو و ماشێنەكەشی زیانی بەركەوتبوو.

كوژران و بریندار بوونی ئەو ١٤ كۆڵبەر و كاسبكارە كوردە بە دەستی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێران لەمانگی بانەمەڕ لەحاڵێكدایە كە مانگی پێشووتریش ٩ كۆڵبەر و كاسبكاری كورد بە تەقەی هێزە نیزامییەكان و رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست دابوو.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەمانگی خاكەلێوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییدا ٧ كۆڵبەری كورد بەتەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی تاران كوژران و بریندار بوون و هەروەها ٢ هاووڵاتیی دیكەش كە بەمەبەستی دابین كردنی بژێوی ژیانیان سەرقاڵی گواستنەوەی كەلوپەلی بەرقی بۆ تاران بوون، بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست دابوو.

راپۆرت/ هێرش کەریمی