کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگرتنی ٧٠٠ هەزار تمەن پارە لە قوتابییانی گوندێکی ناوچەی پیرانشار

16:45 - 7 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: قوتابییانی گوندێکی ناوچەی لاجانی پیرانشار، بەهۆی کەمیی داهات و دەست کورتیی بنەماڵەکانیان و داواکردنی پارە لەلایەن بەرپرسانی قوتابخانەوە، هەڕەشەی دەرکرانیان لەسەرە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسی قوتابخانەی گوندی \'\'گردکشانەی\'\' ناوچەی \'\'لاجان\'\'ی پیرانشار، بەهۆی قەرزداری بە زۆرەملێ بڕی ٧٠٠ هەزار تمەن پارەی لە قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە وەرگرتووە و هەڕەشەی دەرکردنی لەو قوتابییانە لە ئەگەری نەدانی ئەو بڕە پارەیە کردووە.
هەووڵاتییەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: سەرەتا بڕی ٣٠٠ هەزار تمەن و دواتر بڕی ٤٠٠ هەزار تمەنیان لە قوتابییان وەرگرتووە، لە حاڵێکدا کە زۆربەی بنەماڵەکان توانای دابینکردنی ئەو پارەیانە نییە و هەڕەشەی دەرکرانی رۆڵەکانیان لە قوتابخانەدا لە ئارا دایە.
لە قوتابخانەی گردکشانە ١٥٠ قوتابی تێیدا سەرقاڵی خوێندنن.
کارناسانی بواری پەروەردە لەو بڕوایەدان، رێژیمی ئیسلامیی ئێران سیاسەتی نەخوێندەوار کردنی نەتەوەی کوردی لە کوردستانی ئێراندا گرتووەتە بەر و دەیهەوێ لە رێگەی گوشاری ئابوورییەوە بۆسەر قوتابییان ئەو سیاسەتە جێ‌بەجێ بکات.
پێشتریش کوردستان میدیا هەواڵی وەرگرتنی بە زۆرەملێی پارە بەبڕی ٥٠٠ هەزار تمەن لە قوتابییانی گوندی قشڵاخی پردی ناوچەی سەقزی بڵاوکردبووەوە.
بەپێی بەندی یەکی ماددەی ٢٦ی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ بۆ پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر و گشتگیر، هەموو کەسێک مافی پەروەردە و فێربوونی هەیە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لانیکەم دەبێ پەروەردەی سەرەتایی و بنەڕەتیی بێ بەرانبەر بۆ هاووڵاتییان تەرخان بکات.
بەشی \'\'ئەلف\'\' لە بەندی ٢ی ماددەی ١٣ی جاڕنامەی نێودەوڵەتیی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پەروەردەی بێ بەرانبەر، کە ئێران ساڵی ١٣٥٤ ناوەڕۆکی ئەو جاڕنامەیەی پەسند کردووە، دەڵێت: پەروەردە و بارهێنانی سەرەتایی دەبێ ئیجباری و بەبێ بەرانبەر بێت و تێکڕای کۆمەڵگا بە ئاسانی بتوانن لێی بەهرەمەند بن.
هەروەها له بەندی دووهەمی ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە: دەوڵەت ئەرکدارە تێکڕای ئیمکاناتی پەروەردە و بارهێنان بۆ هەموو ئاست و قۆناغەکانی خوێندن دابین بکات و هەروەها لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێران دەڵێت: دەوڵەت ئەرکدارە پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر بۆ هەموو خەڵک هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات و خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆبژیویی وڵات بە شێوی بێ بەرانبەر پەرەپێ بدات\'\'.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامیدا، هیچکام لەو یاساگەلە رەچاو ناکرێ و بگرە رێژیمی ئێران خۆی رێخۆشکەر و هۆکاری سەرەکیی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت یاساکانی خۆشیەتی.