کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی نەوتی رێژیمی ئێران، کرێکار و کارمەندی خۆجێی لە ئیلام دانامەزرێنێت

15:46 - 22 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: وەزارەتی نەوتی رێژیمی ئێران لە نامەیەکدا بڕیاری داوە کە شیرکەتەکانی سەر بەو وەزارەتخانەیە لە ئیلام، مافی وەرگرتنی کرێکار و کارمەندی خۆجێییان نییە.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ وەزارەتی نەوتی رێژیمی ئێران لە بڕیارنامەیەکدا بە دوو شیرکەتی سەر بەو وەزارەتخانەیە بەناوەکانی \'\'ئازەر و چەنگوولە\'\' کە دوو شیرکەتی بەرهەمهێنەری نەوتن، رایگەیاندووە کەلە دامەزران و وەرگرتنی کرێکاران و کارمەندانی کورد و کەسانی خۆجێی خۆ ببوێرن.
بڕیاری دانەمەزرانی هاووڵاتییانی کورد پاش کوژرانی پەیمانکارێکی ناخۆجێی شیرکەتی نەوت لە ئیلام هاتە ئاراوە.
ماوەیەک پێش ئێستا لە ئاکامی دەرگیریی نێوان کرێکارێک و پەیمانکارێکی یەکێک لەو شیرکەتانە، پەیمانکارەکە کە سەربە وەزارەتی نەوت بوو، کوژرا.
پەیمانکارانی شیرکەتەکانی نەوت و کارگە پیشەیی‌یەکانی ئیلام لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە دەهێنرێن و ئەمانەش بەردەوام مافی کرێکارانی خۆجێی و کورد پێشێل دەکەن.
زۆربەی هەر زۆری کرێکاران و کارمەندانی پارێزگای ئیلام لە کەسانی ناخۆجێی پێکهاتووە و هیچ دەرفەتێک بە کرێکارانی کورد لەو پارێزگایەدا بوونی نییە.
لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانەی رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، پاریزگاکانی کوردستانی ئێران، لە بێکارترین پارێزگاکانی ئێران دێنە ئەژمار.