کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاریزگاکانی کوردستانی ئێران زیاترین رێژەی بێکارییان لە ئێراندا هەیە

14:53 - 10 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: پارێزگاکانی سنە، ئیلام، کرماشان و ئورمیە لە کوردستانی ئێران لە پلەی یەکەمی ریزبەندی بێکاری لە ئێران دان.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا و بەپشت بەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان، چوار پارێزگاکەی کوردستانی ئێران پلەی یەکەمیان لە بواری بێکاریدا لە نیو هەموو پارێزگاکانی ئێراندا مسۆگەر کردووە.
بە وتەی نوێنەرێکی مەجلیسی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، پارێزگای ئیلام یەکێک لە بێکارترین پارێزگاکانی ئێرانە و تێیدا ٣٥ هەزار بێکار بوونی هەیە.
شارستانی بەدرە لە پارێزگای ئیلام یەکێک لە بێکارترین شارەکانی ئەو پارێزگایە دێتە هەژمار و تێیدا زیاتر لە یەک هەزار و٢٠٠ هاووڵاتیی خاوەن بڕوانامەی کارناسیی باڵا و دوکتورا بێکار بوونی هەیە.
بێکاریی ١٢٠٠ هاووڵاتیی خاوەن بڕوانامەی کارناسیی باڵا و دوکتورا بۆ شارێک وەکوو بەدرە بە حەشیمەتی ١٧ هەزار کەسەوە، ئامارێکی بەرچاوە.
هەروەها لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا نرخی بێکاری لە نێو شارەکانی پارێزگای ئورمیە، بۆکان زیاترین پلە و شنۆ کەمترین پلەی بیکارییان هەبووە.
پارێزگای سنە لە بواری بێکارییەوە پلەی سێیەمی لە ئاستی وڵاتی ئێراندا هەیە و ئامارەکان باس لەوە دەکەن رێژەی نرخی بێکاری لە پارێزگای سنە گەیشتووەتە لەسەدا ٢٨.