کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگاكانی كوردستانی رۆژهەڵات ركۆردداری بێكاری لەئاستی ئێران دان

22:54 - 25 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: ناوەندی ئاماری ئێران لەراپۆرتێكدا رێژەی بێكاری لە ئێراندا ١٢،٢% راگەیاندووە و پارێزگاكانی كوردستانی ئێران زۆرترین رێژەی بێكارییان لەئێراندا هەیە.
ناوەندی ئاماری ئێران، كە تەنیا ناوەندی فەرمیی بۆ راگەیاندنی ئاماری بێكاری لە ئێرانە ئاشكرای كردووە، لە كۆی گشتیی ٢٤میلیۆن هاووڵاتیی چالاكی ئێران، دوو میلیۆن و ٩٤٤ هەزار و ١٥٨ كەسیان بێكارن.
لەراپۆرتی ناوەندی ئاماردا هاتووە، ١٧.٣% خەڵكی پارێزگای ئیلام بێكارن، كە بەرزترین پلەی بێكاری لە نێو سەرجەم پارێزگاكانی ئێراندا هەیە‌و بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩٠، ٢% چوونە سەری بە خۆیەوە بینیوە.
هەر بەپێی ئاماری ئەو ناوەندە رێژەی بێكاری لە ئوستانی كرماشانیش چوونە سەری بەخۆیەوە بینیوە.
لەلایەكی دیكەوە رێژەی بێكاری لە پارێزگای ورمێ ١١.١% و ئوستانی كوردستان ١٤% راگەیەندراوە.
كارناسانی بواری پرسە كۆمەڵایەتییەكان و شارەزایانی ئامار لەو باوەڕەدان، ئاماری راستەقینە لەوەی كە هەیە زۆر زیاترە.
ئەو ئامارە لەحاڵێكدا بڵاو بۆتەوە كە لەساڵی ١٣٩١دا ئێران تووشی قەیرانی ئابووری بووە و زۆربەی كارگە بەرهەمهێنەرەكانی ئەو وڵاتە بەرەو رووی داخران بوونەوە.
هەر بە پێی ئەو ئامارەی ناوەندی ئاماری ئێران پارێزگای ئێلام لە ئاستی ئێران و لەناو پارێزگاكانی دیكەی كوردستانی رۆژهەڵات زۆرترین رێژەی ئاماری بێكاری هەیە و ئەمە لەحاڵێكدایە كە سەركۆماری رێژیمی ئێران لەسەردانێك بۆ ئەو ئوستانە بەڵێنی بنبڕ كردنی بێكاری دابوو.

بەڵێنێك كە هەتا ئێستا جێبەجێ‌نەكراوە.