کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای سـنە/ لە بەرامبەر ٥ ژیانی هاوبەشدا یەک تەڵاق تۆمار دەکرێت

15:53 - 24 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا رێژەی تەڵاق لە پارێزگای سـنە دووقات زیادی کردووە و لە بەرانبەر ٥ ژیانی هاوبەشدا یەک تەڵاق تۆمار کراوە کە ئەو رێژەیەش بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر لەو پارێزگایە رووی لە زیادبوون دایە.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئامارە فەرمییەکانی ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسێتی رێژیمی ئێران لە پارێزگای سـنە باس لەوە دەکات کە رێژەی ئامارای تەڵاق لەو پارێزگایە رووی لە هەڵکشان دایە و رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیش بە پێچەوانەیە و هەروەها زۆربەی ئەو تەڵاقانە لە ماوەی ساڵی یەکەمی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشدا تۆمار کراوە.

لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لە بەرانبەر ٩،٣ لەسەدی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشدا یەک تەڵاق تۆمار کراوە کە لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا لە بەرانبەر ٥ ژیانی هاوبەشدا یەک تەڵاق تۆمار کراوە.

لەو ئامارەدا شارەکانی کامیاران، قوروە، سـنە، سەقز و بانە زیاترین ئاماری تەڵاقیان تێدا تۆمار دەکرێت.

ئامارەکان لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا دەرخەری ئەوەیە کە پارێزگای سـنە بەردەوام حەوتەمین پارێزگای ئێران لە بواری تەڵاق بووە و ئەو رێژەیە بەردەوام رووی لە هەڵکشان دایە.

لەسەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ٢ هەزار حاڵەت لە پارێزگای سـنە تۆمار کراوە و لە هەر ٤،٧ پێکهێنانانی ژیانی هاوبەش لەو پارێزگایە ١ تەڵاق رووی داوە و تەمەنی شووکردن رووی لە هەڵکشان بووە.

بێکاری و گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی تەڵاق ئەژمار دەکرێت و بە بەرزبوونەوەی رێژەی گیرۆدەبوان بە ماددە سڕکەرەکان و رێژەی بێکاری لە پارێزگای سـنە ئاماری تەڵاق رووی لە هەڵکشان بووە.