کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٩ پاسداری رێژیمی ئێران لە سووریە کوژراون

19:35 - 4 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: تێکهەڵچوونی رێژیمی بەشار ئەسەد و دژبەرانی لە سووریە هەروا درێژەی هەیە و رۆژانە جگە لە هێزەکانی بەشار ئەسەد، بەشێک هێزی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانیش لە ئاکامی تێکهەڵچوونەکاندا دەکوژرێن.

بەپێی راپۆرتی مالپەڕی کوردستان میدیا، سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ناردنی هێزە میلیشیاکانی عێراق، لوبنان و هەروەها ئەفغانی بۆ سووریە لە هەوڵی سەقامگیربوونی دەسەڵاتی رێژیمی بەشار ئەسەد دایە.

هەڵسووڕانی ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی رێژیمی ئێڕان لە ولاتی سوریە، رۆژانە خەسارەتی بەرچاوی گیانی و ئابووریی بە رێژیمی ئێران دەگەیەنێت.

لەم پەیوەندییەدا، تەلەویزیۆنی العربیە لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی بەشار ئەسەد و دژبەرانی رێژیمی سووریە ٥٩ کەس لە شاری حەڵەب کوژراون و سەرچاوەی هەواڵی رێژیمی ئێرانیش ئەم کەسانە وەک کوژراوانی شەڕ ناویان لێدەبات.

بەرپرسانی رێژیمی ئێرانیش سووریەیان وەک هێڵی سوور ناو دەبەن و پێداگری لە درێژەپێدانی پشتیوانی و پاڵپشتیی هەمەلایەنەی رێژیمی ئیسلامی لە بەشار ئەسەد دکەن.

هێزەکانی سپا و بەسیجی رێژیمی ئیسلامی لە قاڵبی گرووپگەلێ وەک گردان فاطمیون و یان لە ژێر ناوی بەرگری لە حەرەمی حەزرەتی مەعسومە بە مەبەستی بەرگری لە رێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە ئامادە دەبن و لە لای هێزەکانی رێژیمی سووریە دەستییان داوەتە کوشت و بڕی هاووڵاتیی سڤیل و سەرکوت کردنی دژبەرانی رێژیمی سووریە.

بەشداری کردنی بەرچاوی هێزەکانی سپای پاسداران لە سووریە و پشتیوانی هەمەلایەنەی رێژیمی ئێران لە رێژیمی بەشار ئەسەد و جێبەجێ کردنی چەک وچوڵ و بەشداری کردن لە سەرکوتی دژبەرانی سڤیل و کوشتنی بێ رەحمانە بووەتە هۆی ئەوەی ئوپۆزیسیۆنی سووریە رابگەیەنێت کە رێژیمی بەشار ئەسەد رووخاوە و ئیستا سپای پاسداران لە سووریە بە دەسەڵاتداری گەیشتووە.