کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشماوەکانی شەڕ، پاش ٢٦ ساڵ هێشتا لە کوردستان قوربانی لێدەکەوێتەوە

15:38 - 10 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: بە هۆی تەقینەوەی گولـلەی تۆپێک کە لە شەڕی هەشت ساڵەی رێژیمی ئێران و عێراق بەجێمابوو، ٤ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەکی کورد کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە گەڵ ئەوەی کە زیاتر لە ٢٦ ساڵ لە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق تێپەڕ دەبێت، بەڵام پاشماوەکانی ئەم شەڕە، بەردەوام وەک هەڕەشەیەک لەسەر گیانی هاووڵاتییان لە کوردستان لە قەڵەم دەدرێت.

راپۆرتە کان باس لەوە دەکەن کە دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە هۆی تەقینەوەی گولـلەی تۆپ لە ناو ماڵێک لە گوندی دەستەک عەلیای سەر بە سەرپێڵی زەهاو، ٣ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەکی کورد کورژران و یەک کەسی دیکەش بە توندی بریندار بووە.

لە تەقینەوەی گولـلەی تۆپی پاشماوەی سەردەمی شەڕ، دایکی ئەو بنەماڵە کوردە بە ناوی نازار مورادی تەمەن ٦١ ساڵ و هاوسەرەکەی بە ناوی حوسێن عەزیزی لەگەڵ منداڵەکەیان بە ناوی جەعفەر عەزیزی تەمەن ٣٥ ساڵە کوژراون و منداڵێکی دیکەی ئەم بنەماڵەیە بە ناوی کوروش عەزیزی بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە.

لە حاڵێکدا کە راپۆرتی جۆراوجۆر زانیاریی ورد لە تەقینەوەی گولـلەی تۆپی پاشماوەی کاتی شەڕ بڵاو دەکەنەوە، هەواڵدەریی مهر، سەر بە ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران، ئەو رووداوەی لە ژێر ناوی تەقینەوەی کەپسووڵی گاز بڵاو کردووەتەوە.

جگە لەم حاڵەتە و کەیسەکانی هاوشێوە، تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی پاشماوەی شەڕی ئێران و عێراق، لەساڵدا دەیان کوژراو و برینداری لە کوردستان لێدەکەوێتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، پارێزگای ئیلام بە رووبەری یەک میلیۆن و ٧٠٠ هەزار هێکتار، خوزستان بە رووبەری یەک میلیۆن و ٣٨٠ هەزار هێکتار، پارێزگای کرماشان بە رووبەری ٦٩١ هەزار هێکتار، ئورمیە بە رووبەری ٥٩ هەزار هێکتار و سنە بە رووبەری یەک هەزار و ٥٠٠ هێکتار، بەریز زۆرترین رێژەی مینی چێندراویان تێدایە.

بەپێی ئامارەکان، ئێستا زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی (سنە، ئورمیە، کرماشان و ئیلام و خوزستان) هەیە.


بەپێی ئامارە بڵاو کراوەکان، لە ماوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لانیکەم ٣٨ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە کوردنشینەکانی کوردستانی ئێراندا، کوژراو و بریندار بوون.

هەروەها، لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا، ٣٣ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراو و بریندار بوون کە ٢٧ کەس بریندار و ٦ کەسیشیان گیانی لە دەست داوە.