کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاوە/ کۆکردنەوەی ماهوارە و چوونە ناو ماڵی خەڵکەوە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە

17:49 - 11 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: هێزە ئینتیزامییەکانی رێژیمی ئێسلامی ئێران بە بێ‌مۆڵەتی یاسایی ماڵی هاووڵاتییانی کورد دەپشکنن و ماهوارەی هاووڵاتییان زەوت دەکەن.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرلە بەیانیی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران بە بێ‌مۆڵەتی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان لە ناوچەکانی هونەرستانی فەنی و دەشتی حوسێن خانی شاری پاوە و دەزگا و دیشی ماهوارەکانیان زەوت کردوون.

بەپێی ئەم راپۆرتە، زۆربەی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانەی شاری پاوه لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرێ و وێڕای دەربڕینی نارەزایەتی بە نیسبەت ئەم کردەوەیە، پێشیان بە چوونە ناو ماڵ لە لایەن هێزەکانی رێژیمەوە گرتووە.

رێژیمی ئێسلامیی ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی خۆیدا لەم چەند ساڵەدا، بە کۆکردنەوەی ماهوارەو هەڕەشە بە جەریمەی نەختی، بڵاوکردنەوەی شەپۆلەکانی پارازیت لە هەوڵی پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی کاناڵە تەلەفزیۆنییەکانی دژبەری خۆی و بە تایبەت لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران دایە و بەم شێوەیە دەیهەوێت بیروڕای گشتیی خەڵک لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بێت.