کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پزیشكێكی كورد، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە لەدرێژە دان بەخوێندن بێبەری كرا

16:22 - 1 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: خوێندكارێكی كوردی رشتەی فەوقی تەخەسوسی نەخۆشییەكانی هەناو لەزانكۆی تاران، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیی و ئیدارەی حەراسەتەوە، لەدرێژەدان بە خوێندن بێبەری كرا.
دكتور مووسا ئەحمەدی لەتاقیكارییەكانی مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٩١ توانیبووی لە رشتەی فەوقی تەخوسوسی نەخۆشییەكانی هەناو لەزانكۆی تاران سەركەوتن بەدەست بێنێت.

ئەو پزیشكە كوردە خەڵكی شاری سنە ناوی لەسایتی رێكخراوی هەڵسەنگاندنی پزیشكی بۆ ئەو رشتەیە هاتبۆوە و دوای ماوەیەك لەلایەن ئیدارەی حەراسەتەوە ناوی رەش كراوەتەوە.
ماڵپەڕی مەكتەب قورئان بڵاوی كردەوە، دكتور مووسا ئەحمەدی هاووڵاتیی كوردە و یەكێك لەئەندامانی مەكتەب قورئان لەشاری سنەیە.

سەرچاوەكە هۆكاری بێبەری كردنی ئەو هاووڵاتییەی لەدرێژەدان بە خوێندن گەڕاندۆتەوە بۆ، مەزهەبی سوننەی ئەو پزیشكە و ئەوەشی خستۆتە روو، دكتور مووسا بە هۆی ئەوەی‌كە كوردە و مەزهەبی سوننەیە لە خوێندن بێبەری كراوە.

5201.jpg
دكتور مووسا ئەحمەدی


دكتور مووسا ئەحمەدی رایگەیاندووە، من تەنیا كاری پزیشكیم كردووە و خزمەتم بە خەڵكی كورد و هاووڵاتیانی ئێران كردووە و لە، وانە وتنەوەشدا تەنیا لەبواری پزیشكی قسەم كردووە و هیچ كارێكم بەسەر سیاسەتەوە نەبووە.
لەو پێوەندییەدا شۆرای بەڕێوەبەریی مەكتەب قورئان وێڕای مەحكووم كردنی ئەو كردەوەیەی رێژیمی ئێران، وتووشیانە: ئەو حكوومەتە زیاتر لە ٣٠ ساڵە هاووڵاتیانی كوردی مەزهەبی سوننە دەچەوسێنێتەوە.
مەكتەبی قورئان شوێنێكی دینی بوو كە لەناوچەكانی سنە و مەریوان ساڵی ١٣٥٦‌ی هەتاوی دامەزرا و دواتر ناوی مەكتەب قورئانی لەسەر دانرا و دامەزرێنەرەكەشی ئەحمەد موفتی زادە بوو.