کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی ژمارەیەك خوێندكار و مامۆستای زانكۆی پەیام نووری شاری شنۆ لە ژنانی مەریوان

16:37 - 1 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: ژمارەیەك خوێندكار و مامۆستای زانكۆی پەیام نووری شاری شنۆ لە نامەیەكدا وێڕای داكۆكیی لەمافی ژنان، پشتیوانی خۆشیان لەژنانی مەریوان راگەیاندووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەبەشێك لە نامەی ئەو چینە فەرهەنگییەی شاری شنۆدا هاتووە، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە كاتی هاتنە سەر كاری هەتا ئێستا بێجگە لە نەهامەتیی، هیچ دەسكەوتێكی دیكەی بۆ خەڵكی ئێران پێ‌نەبووە.
لەنامەكەدا نووسراوە، بەشی خەڵكی ئێران بەتایبەت نەتەوەی كورد تەنیا لێدان، بێ‌حورمەتی كردن و ئیعدام و زیندانی كردن بووە و ئەو رێژیمە لەگەڵ هەر چەشنە بیرێكی ئازاد دژایەتیی هەبووە.
لەبەشێكی دیكەی ئەو نامەیەی خوێندكاران و مامۆستایانی پەیام نووری شاری شنۆدا هاتووە، ژنی كوردیش لەو زۆلم و زۆرییانەی رێژیمی ئێران بێبەری نەبووە و دەكرێ‌بڵێن هیچ مافێكی بۆ دیاری نەكراوە.

لەنامەكەدا باس لەوە كراوە، لەو وڵاتانی دیكە ژنان رێگاییان پێ‌دراوە بە بەپێی پسپۆڕی خۆیان كار وەئەستۆ بگرن بەڵام لە ئێراندا بە هۆی بوونی سیستمی چەوسێنەر ژنان خراونەتە گونجی ئاشپەزخانەوە و ئێمە وەكوو ژمارەیەك لەخوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆی پەیام نووری شاری شنۆ ئەو سیاسەتەی رێژیم مەحكووم دەكەین و پشتیوانی خۆمان لەژنانی مەریوان رادەگەیەنین.