کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی رێژیمی ئێران لە حوسییەکان، یەمەنییەکانی هێنایە سەر شەقام

15:18 - 11 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی یەمەنی بە رێپێوانێک نارەزایەتیی خۆیان بە حوسییەکان و پشتیوانیی رێژیمی ئێران لە ئەم گرووپە توندئاژۆیە دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ئەلعرەبییە، سەدان کەس لە هاووڵاتییانی یەمەنی، چالاکانی سیاسی و ماف‌ناسانی ئەم وڵاتە، لە دەربڕینی نارەزایەتییەکانیان نسبەت بە حوسییەکان و رێژیمی ئێران هاتنە سەر شەقامەکان.

یەمەنییەکان لەم رێپێوانە گەورەیە کە لە سەنعا پێتەختی یەمەن بەڕێوە دەچوو، دژی گرووپی حوسییەکان و رێژیمی ئێران دروشمیان دا.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە بە پشتیوانی لە حوسییەکان لە بوارەکانی ئابووری، چەک‌وچۆڵ و راهێنانی نیزامییەوە مەحکووم کرا.

ماوەیەک لەمەو بەریش، عەبد رەبە مەنسوور هادی سەرکۆماری یەمەن، لەمەڕ دەستێوەردانی رێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتە، بەرپرسانی کۆماریی ئیسلامیی راشکاوانە وریا کردبوەوە.

عەبد رەبە، وێڕای ئاماژە بە چالاکیی توندئاژۆیانەی گرووپی حوسییەکان لە ژێر ناوی شیعەکانی ژێر چەتری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: حوسییەکان لە بواری ئابووری، چەک‌وچۆڵ و راهێنانی نیزامی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت.

لە ماوەی رابردوودا، دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە چوارچێوەی یارمەتی چە‌ک‌وچۆڵ، ئابووری و راهێنانی نیزامیی ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان و هەروەها بەرینترکردنەوەی باندە سیخورییەکان لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکە، بە ڕوونی بەر چاو دەکەوێت.

11282.jpg

رێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، لەلایەن زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا وەکوو بەحرەین، میسر و یەمەن بە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتانە مەحکووم کراوە.

هەر لەم بوارەدا، لە ماوەی سەرکۆماریی نوری مالکی و قەیرانەکانی ناوخۆیی عێڕاق، هەزاران هاووڵاتیی عێڕاقی بە سیاسەتەکانی نوری مالکی نارەزایەتییان دەربڕی و بە ئاگر تێبەردانی ئاڵای رێژیمی ئێران ناڕەزایەتیی خۆیان بۆ ئام بابەتە راگەیاند.

هەروەها، لە مانگی پووشپەڕی ساڵی رابردووشدا، نارازییانی ئەفغانی وەک کردانەوەیەک لە بەرامبەر دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە بواری کاروباری ئەو وڵاتە لە بەرانبەری باڵوێزخانەی تاران لە کابول، ئاڵای رێژیمی ئێرانیان ئاگر تێبەرداوە و بە دژی ئەو رێژیمە دروشمیان دا.