کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران له حووسییەکان بەردەوامه

16:31 - 23 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: حووسییەکانی یەمەن بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و چەکوچۆڵی ئەو ڕێژیمە لە هێرش بۆ سەر عەرەبستان بەردەوامن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هێزی بەرگریی ئاسمانی سعوودییە، سێ مووشەکی بالستیکی حووسییەکانی یەمەن کە بەرەو عەرەبستانی سعوودییە هاوێژراون، لە ئاسماندا تەقاندۆتەوە.

هەواڵدەرییەکانی سعوودییە بڵاویان کردۆتەوە، کە ئەو سێ مووشەکە بەرەو ڕیاز پێتەختی سعوودییە و دوو شاری دیکە هاوێژراوە کە لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە.

دەزگا فەرمییەکانی ڕاگەیاندن و هاوپەیمانەتی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعوودییە، کە لە دژی حووسییەکانی هاوپەیمانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران شەڕ دەکەن، بڵاویان کردۆتەوە، کە سێ مووشەک له سەر پێتەخت و شارەکانی جازان و نەجرانی باشووری سعوودییەدا خراونەتە خوارەوە.

لەم دواییانەدا حووسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر سعوودییە چڕتر کردۆتەوە، کە ئەوەش دوژمنایەتی نێوان ڕێژیمی ئێران و سعوودییە زیاتر و قووڵتر دەکاتەوە. حووسییەکان ئاشکرایان کردووە، کە بە سێ مووشەک وەزارەتی بەرگریی سعوودییە لە ڕیاز و دامەزراوەیەکی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆی نەوتی سعوودییەیان کردۆتە ئامانج.

تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە بارەی زیانی گیانی و ماددی ئەو هێرشە لە بەردەستدا نییە.

لە ماوەی پێنج مانگدا ئەمە چوارەمین جارە ڕیاز ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکیی دەبێتەوە، لە کاتێکدا حووسییەکان هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی کە بتوانن بگەنە پێتەختی سعوودییە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، میلیشیاکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتە دژە مرۆیییەکانی بڵاوە پێ کردووە و بۆ گەیشتن بە ئامانجە ناڕەواکانی لە زۆربەی گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکە پاڵپشتی دەکات.