کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكان بە كورتەنامە، هاووڵاتیانی پارێزگای كوردستانی وەزاڵە هێناوە

16:36 - 28 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران چەند رۆژێكە دەستیان بەناردنی كورتەنامەی تەبلیغاتی شانۆی هەڵبژاردن، بۆ هاووڵاتیانی پارێزگای كوردستان و دەورووبەری كردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەناردنی كورتەنامە بۆ هاووڵاتیان داوای لێكردوون كە بەشداری لە كۆڕەكانی پاڵێوراوانی پۆستی سەركۆماریدا لە مزگەوتی جامعی شاری سنە بكەن.

هاووڵاتییەكی شاری سنە بەماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، خەڵكی بەدەست ئەو كورتەنامانەوە وەزاڵە هاتوون و زۆر جار موبایلەكانیان دادەخەن.

هەر لەو پێوەندییەدا ئەو كورتە نامانە ناوچەی هەورامانیشی گرتۆتەوە و بە كورتە نامە داوا لەهاووڵاتیان كراوە بەشداریی لەكۆڕی رەحیم مەشاییدا بكەن.

یەكێك لەو هاووڵاتیانەی كە كورتە نامەی بۆ بەرێ‌كراوە وتی: لەنامەكەدا نووسراوە رەحیم مەشایی پێشتر بە ناوی خوازراوی مورتەزا محەممەدی لەكاتی شەڕی داسەپاو بەسەر كوردستاندا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بووە.

ئەو هاووڵاتییە وتیشی: هەنووكە هێڵی ئینترنێتیش بە هیچ شێوە خێرایی نەماوە و بۆ پێوەندیی گرتنی ناوخۆی ئێرانیش بەكار نایەت.