کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیاوی ژمارە دووی ئەلقاعیدە لە تورکیە دەسبەسەر کرا

14:58 - 25 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: پۆلیسی تورکیه پاش جێگیربوونی گرووپە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام (داعش) سەربە ئەلقاعیدە لە سنوورەکانی سووریە و تورکیە، پیاوی ژمارە دووی ئەلقاعیدەی دەسبەسەر کرد.
هەواڵدەریی ئاناتۆلی بڵاوی کردەوە، \'\'ئیبراهیم شان\'\' پیاوی ژمارە دووی ئێستای گرووپی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش و هاوکاتی هێزەکانی پۆلیسی تورکیە لە ژمارەیەک لە شارەکانی ئەو وڵاتە دەسبەسەر کرا.
پۆلیسی تورکیە رایگەیاندووە: سەرلە بەیانیی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پۆلیسی تورکیە لەمەڕ دەسبەسەرکردنی ئیبراهیم شان لە شارەکانی \'\'وان، ئیستانبووڵ، کیلیس، ئادانا، گازی ئانتەپ، قەیسەرییە\'\' دەستی پێکرد.
ئەو ئۆپەراسیۆنە بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری هاتنە ئارای تێکهەڵچوونی چەکدارانە، بە گرتنەبەری رێوشوێنی توندوتۆڵی ئەمنیەتی بە ئامادەبوونی سەدان هێزی چەکداری وڵاتی تورکیە جێبەجێ کراوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی دەوڵەتی تورکیە، ئیبراهیم شان پیاوی ژمارە دووی ئەلقاعیدە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نیوڕاست دێتە ئاژمار و لەو هەڵمەتە دژە تیرۆریستییەی پۆلیسی تورکیەدا \'\'هالیس بایانجۆک\'\' بەرپرسی گرووپی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە لە وڵاتی تورکیە هاوڕی لەگەڵ ٣ کەسی دیکە لە ئیستانبووڵ دەسبەسەر کراون.