کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرانشار/ کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم کوژرا

16:37 - 20 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە پاسگای چیانە تەقەی لێ کرا و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، سەرلە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی گەلاوێژ، \'\'ئەسعەد حاجی حوسێنی\'\' کوڕی \'\'عەبدوڵڵا\'\' و تەمەن ٤٠ ساڵ، ناسراو بە \'\'ئەسعەد خوری\'\' خەڵکی گوندی \'\'شێلمجاڕان\'\' و دانیشتووی گەڕەکی \'\'کۆنەخانێ\'\'ی پیرانشار لە شوێنێک بەناوی \'\'سەوە لە چیای ملە مارە\'\'، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەی لێ کرا و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئەسعەد حاجی حوسێنی لە کاتێکدا کە سەرقاڵی پیشەی کۆڵبەری بووە، لەگەڵ کاروانی کۆڵبەران کەوتووەتە بۆسەی هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای چیانە لە ئەنجامدا بەهۆی بەرکەوتنی گوللـەی ئەو هێزانە گیانی لە دەست داوە.

ئەسعەد حاجی حوسێنی خێزاندار و تەمەن ٤٠ ساڵ، بەهۆی دەستکورتی و بێکاری و وەکوو هەزاران کۆڵبەری دیکەی سنوورەکانی کوردستان بە ناچاری رووی لە پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری کردبوو کە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەم راپۆرتە، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران پاش کوشتنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، جەنازەکەشیان دەسبەسەر و سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ رەوانەی پزیشکی یاسایی شاری ئورمیەیان کردووە.

هەروەها لەو بۆسەیەدا کە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆسەر کۆڵبەرانی کورد دانرابوو، کۆڵبەرێک بەناوی \'\'یووسف\'\' بێ سەر و شوێن بووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و شوێن و قوڵاخی لەبەر دەست نییە.

بەپێی ئەم راپۆرتە هێزەکانی رێژیمی ئیسلامی هەروەها لەو بۆسەیەدا چەندین سەر لە بارهەڵگری کۆڵبەرانیان کوشتووە.

بەپێی ئاماری کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا ٢٠ کۆڵبەر کۆژراون و بریندار بوون.