کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی حیزب لەدوای ٢٠ ساڵ زیندانی بوون ئازاد کرا

23:15 - 19 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: زیندانییەکی دێرینی حیزب و گەل، پاش نزیک بە ٢٠ ساڵ خوڕاگری لە چاڵە ڕەشەکانی ڕژیمی دژە مرۆیی ئێران، چاوی بە ئازادی و باوەشی بنەماڵەی ڕوون بووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بەناوی عەلی ساڵحی کوڕی محەممەدساڵح لە گرتووخانەی شاری یەزد ئازاد کرا.

ناوبراو بۆ ماوەی ١٩ ساڵ و ٩ مانگ لە زیندانەکانی کرماشان و یەزد لەژێر ئەشکەنجە و ئازاری هێزەکانی ئیتلاعاتدا بووە.

کاک عەلی لە نێوەڕاستی زستانی ڕابردوودا، بە تەواوەتی ماوەی حوکمی داسەپاوی تەواو کردووە و بە سەربەرزی گەڕاوەتە نێو بنەماڵە و خەڵکی ناوچەی ڕوانسەر.

ئەو تێکوشەرە ساڵی ١٣٧٣ بە فەرمی پەیوەست بووە بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە مەڵبەندی ٣ی ئەوکات، سازماندەیی کراوە و ٢ ساڵ دواتر لە مەئموورییەتی حیزبی هاوڕێ لەگەڵ محەممەد مورادی لە گوندی کزێـی سەربە شاری سەلاسی باوەجانی دەستبەسەر و بۆ ١١ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی وەزارەتی ئیتلاعات لە پارێزگای کرماشان ڕاگیراوە.

لە نووسراوەیەکی ئۆرگانی پێوەندیداردا هاتووە کە؛ عەلی پێشمەرگەیەکی جێگای باوەڕ و متمانەی مەڵبەند بووە بۆیە بۆ ئەنجامدانی مەئموورییەتێکی حیزبی دەنێردرێتە جەولەی پێشمەرگانە لە ناوچەکانی ڕوانسەر، جوانڕۆ و سەلاس.

بەڕێز ساڵحی لەو ماوەیەدا لە لایەن ناوەندە بەناو دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی لەهەرچەشنە مرەخەسی بێبەش کراو بوو.

عەلی ساڵحی تەمەنی ٤٣ ساڵە و خەڵکی گوندی شەژوێی سەربە شاری ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشانە.

لینکی پێوەندیدار:
محەممەد مورادی لە وتووێژی کوردستاندا: پیاوانی حکوومەت، ئـێمەیان بە مرۆڤکوژ و خراپکار دەزانی