کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنوێژی تاران پشتیوانیی خۆی لە کردەوەی تیرۆریستی پاریس دەربڕی

14:49 - 27 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: پاش میدیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران و خامنەیی، پێشنوێژی کاتیی تارانیش لە کردەوەی تیرۆریستی چەند رۆژ لەمەوبەری پاریس پاڵپشتیی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، محەممەد‌عەلی موەحیدی کرمانی پێشنوێژی تاران، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە قسەکانی خۆیدا لە نوێژی هەینی لە کردەوەی تیرۆریستی پاریس پشتیوانی خۆی دەربڕی و وڵاتانی رۆژئاوا و هەواڵنێرانی شارلی ئەبدووی وەک بکوژ لەقەڵەم دا.

موەحیدی کرمانی لە درێژەی قسەکانیدا، لە دەستەواژەی الحمداللە  (سپاس بۆ خودای گەورە) بۆ کوژرانی هەواڵنێرانی شارلی ئەبدوو لە کردەوەی تیرۆریستی توندڕەوان، کەڵکی وەرگرتووە و بەم شێوەیە کردەوەی تیرۆریستیی پاریسی، کردەوەیەکی پیرۆز ناو بردووە.

هەروەها موەحیدی کرمانی خۆپیشاندانی لە شارەکانی فەرانسە بۆ بەرگری لە ئازادی بیر کردنەوە و ئازادی رادەربڕین بە بەشداری رێبەرانی جیهانی، مەحکووم کرد.

کرمانی لە قسەکانیدا، وڵاتانی رۆژئاوای مەحکووم بە پشتیوانی لە داعش و رایگەیاند کە ئەوانەی کە لە تیرۆریزم و داعش پشتیوانییان دەکرد و پەروەردەیانیان دەکرد، ئێستا هەر ئەو گرووپە تیرۆریستیانە و گرووپی داعش هێرشیان کردووەتە سەر خۆیان.

هەر لەم پەیوەندییەدا، حەتوونامەی یالثارات الحسین سەر بە گرووپی ئەنساری حیزبووڵڵای رێژیمی ئێران، لە تازەترین ژمارەی خۆیدا، تاوتوێی هیرش کردنەسەر بلاڤۆکی شارلی ئیبدۆی کردووە و ئەو کردەوە تێرۆریستییەی بە کارێکی پیرۆز وەسف کردوە.

ئەو حەوتوونامەیە کە سەربە ئەنساری حیزبووڵڵایە، یەکێک لە دەست رۆیشتووترین گرووپەکانی رێژیمی ئێرانە کە کردەی ئەنجامدانی هێرش بۆسەر بلاڤۆکی شارلی ئیبدۆی جیا لە بکەرانی ئەو کردەوە تێرۆریستییە بە کارێکی پیرۆز وەسف کردوە.

حەوتوونامەی یالثارات الحسین لە ژمارەی ٧٨٠ی خۆیدا بە سەردێڕی امسال ایام ربیع نور علی نور شد/ دشمن هتاک نبی روانه گور شد و بە سەردێڕی حمد و سپاس بی کران خدای سرمدی و هزاران تبریک و تهنیت به امت محمدی  پێشوازیی لە کوژرانی کارمەندانی بلاڤۆکی شارلی ئیبدۆ کرد.

لەو پەیوەندییەدا رۆژنامەی کەیهان لە نووسراوەی رۆژدا سەبارەت بە دروشمی من شارلی ئێبدۆم دژکردەوەی نیشان داوە و سەرەڕای وەبیرهێنانەوەی فتوای خومەینی دژی سەلمان رۆشدی، نووسەری ئینگلیسی، ئەو دروشمەی وەرگێڕاوی دروشمی منیش سەڵمان رۆشدیم ناو برد.