کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنتاگون: سپای قودسی رێژیمی ئێران یارمەتی تاڵبان دەدات

21:05 - 15 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: وەزارەتی بەرگری ئامریکا لە راپۆرتێکدا ئێران و پاکستانی بە تێکدانی سەقامیگری ئەفغانستان مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وەزارەتی بەرگریی ئامریکا (پێنتاگون) لە راپۆرتێکی نوێ کە سەبارەت بە ئەمنییەتی ئەفغانستان بڵاوی کردووەتەوە، رێژیمی ئێران و حکومەتی پاکستانی سەبارەت بە تێکدانی سەقامگیری ئەفغانستان مەحکووم کرد.

وەزارەتی بەرگریی ئامریکا لەو راپۆرتەدا جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە سپای قودس، لقی دەرەوەی سنووری سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بە ئاسانکاری بۆ تاڵەبان، هەوڵی داوە هەتا رێخۆشکەر بێت بۆ زووتر چوونەدەرەوەی هێزە نێودەوڵەتیەکان لەو وڵاتە.

ستراتیژیی رێژیمی ئێران بۆ بەرەو پێشبردنی ئامانجەکانی خۆی لە ئەفغانستان بەکارهێنانی هێزی نەرم بۆ وروژاندنی هەستی شیعەکان راگەیەندراوە کە بە پێی زانیاریەکان تێچووی میلیاردیی بۆ رێژیمی ئێران بووە.

مەحکووم کرانی رێژیمی ئێران سەبارەت بە تێکدانی سەقامگیریی ئەفغانستان لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئامریکا، تا ئێستا دژکردەوەی بەرپرسانی رێژیمی ئێرانی بە شوێنەوە نەبووە.

رێژیمی ئێران بەردەوام لەلایەن رۆژئاوا و وڵاتانی رۆژهاڵاتی ناڤین سەبارەت بە تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە مەحکووم کراوە.