کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنج گومان لێکراوی بەحرەینی کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە راهێنانیان بۆ کراوە، دەسبەسەرکران

19:04 - 14 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: لێپرسراوان و رایەدارانی دەوڵەتی بەحرەین، رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بە راهێنانی هێزی میلیشیایی لەمەڕ بەڕێوەبردنی کردەوەی تیرۆریستی لەو وڵاتە تۆمەتبار کردووە.
هەواڵدەریی فەرمیی بەحرەین (بنا) لە زاری \'\'عوسمان ئەلعەوفی\'\' سەردۆزگەری گشتیی ئەو وڵاتە بڵاوی کردەوە، بەپێی راپۆرتی دەزگا هەواڵگرییەکانی بەحرەین \'\'ئەحمەد مەحفووز مووسەوی\'\' هاووڵاتیی بە رچەڵەک بەحرەینی کە هەنووکە لە ئێران ژیان بەسەر دەبات، چەندین پیلانی تیرۆریستیی لە شوێنە ئەمنیەتی و حکوومەتییەکان گەڵاڵەڕێژ کردووە.
ئەو سەردۆزگەرە بەحرەینییە راشیگەیاندووە: لەو پێوەندییەدا ٥ گومان لێکراو، کە دانیان بە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە خاکی بەحرەین داناوە، دەسبەسەر کراون.
سیخوڕی بۆ وڵاتێکی بیانی بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لە دژی دەوڵەتی بەحرەین و هەروەها هەڵگرتنی چەک، کۆمەڵێک تۆمەتی دیکەی ئەو پێنج گومان لێکراوە بووە کە دانیان بە تۆمەتەکەیان داناوە.
پێشتریش رۆژی دووشەممە، وڵاتی بەحرەین هەواڵی زەوتکردنی ماددەی تەقینەوەی رێژیمی ئێران و سووریەی لە پاپۆڕێکدا لە ئاوەکانی کەنداو، بڵاوکردبووەوە.
ساڵی ٢٠١١ی زایینی دەوڵەتی بەحرەین بەرەوڕووی کۆمەڵێک ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی شیعەی وڵاتەکەی بووەوە کە بە وتەی بەرپرسانی بەحرەینی ئەو ناڕەزایەتییانە لەلایەن وڵاتێکی جیرانەوە پشتیوانی دەکرێن، کە لەگەڵ دژکردەوەی توندی هێزە ئەمنیەتییەکانی بەحرەین لەمەڕ سەرکوتی ئەو ناڕەزایەتییانە بەرەوڕوو بووەوە.
بەگوێرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ، ٨٩ کەس لەو ناڕەزایەتییانەدا گیانیان لە دەست دا و دەیان خۆپیشاندەریش دەسبەسەر کران.
بە درێژەی ئەو ناڕەزایەتییانە، حکوومەتی بەحرەین سزای خۆپیشاندانی زیاد کرد و هەروەها هەرچەشنە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتیی لە شاری مەننامە پایتەختی ئەو وڵاتە قەدەغە کرد.