کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنجەمین كۆنگرەی نێونەتەوەیی دژی سزای لەسێدارەدان لەوڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو

14:44 - 26 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: پێنجەمین كۆنگرەی نێونەتەوەیی دژی سزای لەسێدارەدان لە مەدرید پێتەختی ئیسپانیا، بە بەشداریی فەرمی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ، بەڕێوە چوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەم كۆنگرەیە بە پشتیوانی وڵاتانی فەرانسە، سویس، ئیسپانیا و نوروێژ و ئەحمەد شەهید و بە مێوانداری دەوڵەتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو و بانكی موون، سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، بە ناردنی پەیامێك پشتیوانی لە كۆنگرەكە كرد و رایگەیاندبوو، كە‌١٥٠ وڵات حوكمی لە سیدارەدانیان لە قانوونی وڵاتەكانیان هەڵگرتووە و لە ١٧٤ وڵاتی دونیا سزای لەسێدارەدان جێبەجێ ناكرێت.
لە هەمان كاتیشدا، سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی لەزیاد بوونی سێدارەدان و لە بەڕێوەبردنی سێدارەدانی بە نهێنێ لە هێندی وڵاتی وەك ئێران دەربڕی.
لەو كۆنگرەیەدا تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری دایمی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ، وتارێكی لە سەر پرسی لەسێدارەدان و مادە ‌بێهۆشكەرەكان وەك كەرەستەیەك بۆ سەركوتكردنی گەلانی ژێرستەمی ئێران لە لایەن رێژیمی ئیسلامیەوە، پێشكەش كرد. ئەلیاسی لە قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە هەر كاتێك كۆماری ئیسلامی تووشی قەیران دەبێت، قانوونێكی نوێ لەژێر ناوی خەبات دژی مواد مخدر دەر دەكەن و بە سەدان تێكۆشەر لە شوێنە گشتیەكاندا لە سێدارە ‌دەدەن. بۆ وێنە، لە كاتی هاتنە سەر كاری كۆماری ئیسلامی هەتاكوو ئێستا زیاتر لە ١٢ هەزار هاووڵاتی لە سێدارە دراون.
نوێنەری كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ لەدرێژەی قسەكانیدا، رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوا و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەپێوەندیی یارمەتی دانیان بە ئێران لەژێر ناوی ژینۆسایدی سپی گرت.
لە پێوەندی لەگەڵ سزای لە سێدارەدان لە ئێران، دكتور ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئێران، كە یەكێك لە كۆڕگێڕانی كۆنگرەكە بوو، رایگەیاند، ژمارەی لە سێدارەدان لە ئێران هەر ساڵ زیاد دەبێت و دادگاكانی ئێران مافی دەست پێڕاگەیشتنی بەندكراوان بە پارێزەر و پڕۆسەیەكی دادپەروەرانە ناپارێزن.
لەلایەكی دیكەوە شیرین عیبادی خاوەنی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل كە میوانی كۆنگرەكە بوو، لە قسەكانی دا ئاماژەی بەوە كرد كە لە ئێران، هەر رۆژ، ٢كەس لە سێدارە دەدرێت.

دواتر هەر یەك بەڕێز رافایل شینۆیل هازان سەرۆكی رێكخراوی پێكەوە ژیان بۆ كۆتایی هێنان بە سزای لە سێدارەدان وتی: لە ساڵی٢٠١٢ لە وڵاتانی ئێران، عەرەبستانی سعوودی، چین، پاكستان، سوودان، عێراق و ...هتد، سزای ئیعدام جێبەجی كراوە.

ئەم كۆنگرەیە هەر ٣ساڵ جارێك بەڕێوە دەچێت و ئامانجی كۆنگرەكە، خەبات لەپێناو كۆتایی هێنان بە سزای لە سێدارەدان لە جیهان دایە.