کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی تیشک تی ڤی بەبۆنەی شەهید بوونی کاوە جەوانمەرد بەرپرسی پێشووی ئەم کاناڵەوە

17:23 - 19 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: کاناڵی تەلەفزیۆنی تیشک بەبۆنەی شەهید بوونی هاوڕێ کاوە جەوانمەرد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب و بەرپرسی پێشووی ئەم کاناڵە پەیامێکی هاوخەمیی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

خەڵکی بەشەرەفی کوردستان

پێشمەرگە خۆشەویستەکانی حیزبی دێموکرات


بەناوی پێرسۆنێلی کاناڵی تەلەفزیۆنی تیشکەوە بەداخبوونی خۆمان بەهۆی لەدەستدانی هاوڕێی تێکۆشەر کاوە جەوانمەرد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی پێشووی کاناڵەکەمان ڕادەگەیەنین.

هاوڕێ کاوە جەوانمەرد نموونەی مرۆڤێکی بەمانای ڕاستەقینەی وشە شۆڕشگێر و لەخۆبوردوو، کادرێکی کارامە و لێزان و بەڕێوەبەرێکی لەسەرەخۆ و لێزان بوو کە نەخش و شوێندانەرییەکانی لە سەر کاروباری تەلەفزیۆنەکەمان تا ئێستاش دیار و بەرچاوە.

هاوڕێ کاوە، بە کردەوە سەلماندی کە سوارچاکێکی جوامێر بۆ حەماسەی نوێی ڕاسانی رۆژهەڵاتە و بە کردارە جوامێرانەکانی وانەیەکی مێژوویی فێری هەموومان کرد کە ئەویش بریتییە لە خۆبەخشین بۆ ئازادیی نیشتمان.

ئەگەرچی لەدەستدانی وەها کەسێک هەم بۆ ئێمە وەک تەلەفزیۆنی تیشک و هەم بۆ بزوتنەوەی میللی دێموکراتیکی گەلەکەمان خەسارێکی گەورە بوو، بەڵام هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە وەها برینێک ناتوانێ خەبات و بەرخودانمان بە چۆکدا بێنێ و هەردەم لە سەنگەری پێشەوەی خەبات بەدژی تاریک پەرستان و بکوژانی شەهید کاوە و هەموو شەهیدانی کوردستان دەبین.

پڕئاشکرایە کە ئەرکی سەرشانی هەموو ئازادیخوازێکی کورد لەم کاتە هەستیار و ناسکەدا بریتییە لە بەردەوام بوون لە ڕێگا و ڕێبازە پرسەروەرییەکەیان؛ وەک ڕێبەری هەردەم زیندووشمان دوکتور سادق شەرەفکەندی فێری کردووین، لەم ڕێگایەدا یان سەردەکەوین یان ئەو شانازییەمان بە نەسیب دەبێ کە سەر ببەخشین.

جارێکی دیکە وێڕای هاوخەمی دەربڕین لەگەڵ بنەماڵەی بەڕێزی شەهید کاوە جەوانمەرد و هەموو خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنین کە تەنیا شتێک ڕۆحی شەهید کاوە و شەهیدانی کوردستان شاد و دوژمنانی گەل زەبوونتر دەکات گەرمتر کردنی کوورەی خەباتە.

ڕۆحیان شاد، ڕێگەیان پڕ ڕێبوار

بەڕێوەبەرایەتی تەلەفزیۆنی تیشک
١٨ی پوشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی