کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغی بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە سنە درێژەی هەیە

16:25 - 23 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سنە، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ یادی شەهیدانی کارەساتی ڤییەن، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێڕەوانی شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی سەربەرزی قۆناغی ڕاسانەوەی دێمۆکرات و ڕۆڵەکانی قاسملوو، لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕدا لە چەندین شوێنی شاری سنە دەستیان دایە چالاکیی تەبلیغیی بەربڵاو و بە بڵاوکردنەوەی وێنە و وتەکانی شەهید دوکتور قاسملووی ڕێبەر و هەڵواسینی پۆستێر و تراکتی تایبەت بە یادی ٢٢ی پووشپەر، سیاسەتی تێرۆر و سەرکوت و ڕەشەکوژیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد و بە زیندوو ڕاگرتنی یادی شەهیدان و پەیمان نوێ کردنەوە لەگەڵ حیزبی دێموکرات، دڵی جەماوەی شاری سنەی هەمیشە لە سەنگەریان شاد کرد.

ئەو شوێنانەی کار و چالاکیی تەبلیغییان تێدا کراوە بریتین لە:
ئەمیریە، مەیدانی ئێقباڵ، خیابانی مەولەوی و ژاندارمری، بناری کێوی ئاویەر، مەیدانی گاز، شارەکی ساحلی، شارەکی فێردەوس، شارەکی دگەران و موبارەک ئاوا و چەندین شوێنی دیکە، هەروەها لە چەمشاری سنە و لەسەر جادەی کامیاران، وێنە و تراکتی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ بڵاو کرایەوە.