کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی کورد، خەڵاتی جیهانیی بوورسی توێژینەوەی ساڵی ٢٠١٤ ی بەدەست هێنا

12:37 - 15 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: ئەنجومەنی قەڵەمی سوید موحەرەم ئەربی نووسەر و مافناس و چالاکی مافی مرۆڤی کوردی کوردستانی تورکیای وەکوو براوەی بوورسی توێژینەوەکانی ساڵی ٢٠١٤ (تۆخۆلسکی) ناساند.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خەڵاتی تایبەتیی کۆمیتەی نووسەرانی دەستبەسەرکراوی ئەندامی ئەنجومەنی قەڵەمی سوید لە ژێر ناوی خەڵاتی تۆخۆلسکی لە ساڵی ٢٠١٤ زایینی، بەخشرایە چالاکێکی مافی مرۆڤی کوردی خەڵکی وڵاتی تورکیا.

ئەم خەڵاتە، رێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی رۆژی جیهانی نووسەرانی زیندانی لە رێورەسمێکدا پێشکەشی موحەرەم ئەربی دەکرێت.

چالاکی نواندنی بەدوور لە توندوتیژی و هەوڵدان بۆ گەشە سەندنی زیاتر و پەرەپێدان بە زمانی کوردی ئەو هۆکارانە بوون کە ئەو نووسەرە کوردە هۆکارەکانی دەستنیشان کردنی ئەو چالاکە کوردە بۆ خەڵاتی تۆخۆلسکییە.

ناوبراو مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٨ بە تاوانی وتاربێژی لە پەرلەمانی وڵاتی سوید، لەلایەن پۆلیسی وڵاتی تورکیاوە دەستبەسەر کراو مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵیش پاش چوار ساڵ دەستبەسەر لە زیندان ئازاد کرا.

11326.jpg

موحەرەم ئەربی جگە لە چالاکی ئەدەبی و نووسەری و مافی مرۆڤ، ماوەی چەندین ساڵە لە بواری پەروەردە و راهێنانی پسپۆڕیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستانی تورکیادا بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارە ناوچەکان چالاکی دەکات و لە ئێستاشدا و پاش وەرگرتنی خەڵاتی تۆخۆلسکی وەکوو ئەندامی شانازایی ئەنجومەنی قەڵەمی سوید وەرگیراوە.

پێشتریش لە ساڵەکانی ١٩٨٨ی زایینی (١٣٦٧ی هەتاوی)، شێرکۆ بێکەس، ئیمپراتوری شێعری کوردی لەلایەن ئەنجومەنی قەڵەمی سویدەوە، وەکوو براوەی خەڵاتی تۆخۆلسکی(Tucholsky-Preis)  دەستنیشان کرا.

خەڵاتی تۆخۆلسکی بۆ بەرزراگرتنی یادی تۆخۆلسکی (١٩٣٥ – ١٨٩٠)، نووسەر، شاعێر و رۆژنامەنووسی ئاڵمانی ناودێر کراوە و ساڵانە لەلایەن ئەنجومەنی قەڵەمی سویدەوە بورسێکی خوێندن وەک خەڵاتێک لە رێورەسمێکی تایبەتدا پێشکەشی نووسەرێک دەکرێ، کە بەهۆی نووسینەکانییەوە بەرەوڕووی هەڕەشە و زیندانی کران بووبێتەوە.