کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێكی خوێندکاریی کورد لە شاری مەریوان دەسبەسەرکرا

20:37 - 6 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: شەپۆلی دەسبەسەرکردنی چالاکانی خوێندکاری لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ریژیمی ئێرانەوە لە مەریوان بەردەوامە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە ٦ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی، چالاکێکی کورد بە ناوی سۆران دانیشوەر خەڵکی شاری مەریوان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا.
ئەو چالاکە کوردەی مەریوان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم بە تەلەفوون ئاگادار و بانگهێشت کراوە کە هەتا ئێستا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە راگیراوە و هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی لە بەر دستدا نییە.
سۆران دانیشوەر ئەندامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتیکی کوردە کە پێشتریش چەندین لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک حیزبە کوردییەکان دژبەری رێژیم لە رێکەوتی ١٠ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی بە زیندانی تەعلیقی مەحکووم کراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا رۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی سێ چالاکی مەدەنی و خوێندکاری لە مەریوان بە ناوەکانی دانا لەنج ئابادی، هێمەن بیگلەر و ئارەش مەولوودی لە چالاکانی کورد لە مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بانگهێشت و دەسبەسەر کراون.
رۆژی یەکشەممە ٦ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی هێمن بەیگلەر و ئارەش مەولوودی خوێندکارانی زانینگەی ئازادی شاری مەریوان پاش لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعات ئازاد کران.
دانا لەنج ئابادی خوێندکاری زانینگەی پەیام نووری شاری مەریوانە کە هەتا ئێستا دەسبەسەر کراوە وهیچ زانیارییەک لە چارەنووسی لە بەر دەستدا نییە.