کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢چالاكی سیاسیی لە توركیە بەنیشانەی ناڕەزایەتی بەرادەست كردنەوەیان بەئێران مانیان لەخواردن گرت

21:42 - 31 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: ١٢ پەناخواز و چالاكی سیاسی كوردستانی رۆژهەڵات بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری پۆلیسی توركیە لەمەڕ دیپۆرت كردنەوەیان بۆ ئێران مانگرتن لە خواردنیان راگەیاند.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ١٢ پەنابەری دەسبەسەر كراوی كوردستانی رۆژهەڵات لە توركیە، لەسەر لەبەیانی ئەمرۆ سێ‌ شەممە رێكەوتی ٣١ی بانەمەڕەوە بەنیشانەی ناڕوونی چارەنووس و بڕیاری رادەست كردنەوەیان بەئێران مانیان لە خواردن گرت.

سەعد ئەیوبی چالاكی سیاسی و یەكێك لە مانگرتوان بەماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، ئێمە داوامان لە پۆلیسی توركیە كرد كە ئیزن بدەن چاومان بە نوێنەری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بكەوێ‌ بەڵام ناوەندە ئەمنیەتییەكانی توركیە دژایەتیان لەگەڵ كردووین.

ئەیوبی وتیشی: پۆلیسی توركیە لەوڵامدا پێی وتووین، پێویست ناكات هیچ كەس ببینن و بەم نزیكانە دیپۆرتی ئێرانتاین دەكەینەوە.

ئەو چالاكە سیاسییە لەدرێژەدا رایگەیاند، هەتا ئەو كاتەی كە حكوومەتی توركیە وڵاممان پێ‌ نەداتەوە، مانگرتنەكەمان ناشكێنین.
بێجگە لەو ١٢ چالاكە سیاسییە سێ‌ كەس لەبنەماڵە سەعد ئەیوبیش بە ناوەكانی فاتمە، شادی و پێشەوا لە كەمپی ئایواچیك لە شاری چاناك ی توركیە دەسبەسەرن.

سەعد ئەیوبی لەدرێژەی لێدوانەكەی بۆ ماڵپەڕی كوردستان میدیا ئاشكرای كرد، ئەو سێ‌ منداڵە بە هۆی كەمی تەمەنیان نەیانتوانیوە مان لە خواردن بگرن.