کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاكێكی سیاسی کوردستانی رۆژهەڵات و بنەماڵەكەی، لەلایەن تورکیەوە مەترسی رادەست كردنەوە بە ئێرانیان لەسەرە

05:50 - 28 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: ٤ ئەندامی بنەماڵەیەكی بۆكانی لەلایەن پۆلیسی توركیەوە پێیان راگەیەندراوە رادەستی رێژیمی ئێران دەکرێنەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەعد ئەیوبی چالاكی سیاسی هاوڕێ‌ لەگەڵ سێ‌ ئەندامی بنەماڵەكەی بەناوەكانی فاتمە، شادی و پێشەوا ئەیوبی لەلایەن پۆلیسی توركیەوە دەسبەسەر كراون و مەترسی دیپۆرت كردنەوە بۆ ئێرانیان لەسەرە.

سەعد ئەیوبی بەماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، رۆژی سێ‌ شەممە رێكەوتی ٢٤ی بانەمەڕ لە كاتێكدا كە دەمانویست بەرەو ئورووپا وەرێ‌ بكەوین لەلایەن هێزی دەریایی توركیەوە دەسبەسەر كراین و بۆ كەمپێك لەشاری چەنەقەلەی توركیە راگوێزراین.

ئەو چالاكە سیاسییە وتیشی: لەلایەن پۆلیسی توركیەوە پێمان راگەیەندراوە رۆژی دووشەممە ٣٠ی بانەمەڕ رادەستی باڵوێزخانەی رێژیمی ئێران لەتوركیە دەكرێن.

ئەیوبی ئەوەشی خستە روو، بە ناوەندە پێوەندیدارەكانی توركیەم وتووە،ئەگەر بێت و رادەستی رێژیمی ئێران بكرێنەوە بەدڵنیاییەوە كۆتایی بەژیانی خۆم دێنم.

ئەو چالاكە سیاسییە لەگەڵ بنەماڵەكەی هەنووكە لە كەمپی ئاوەجیكی چەنەقەلە لەنزیك شاری ئیزمیری توركیەن.
سەعد ئەیوبی ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی لەشاری بۆكان لەدایك بووە و مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٩١ بەهۆی زەخت و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێران بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.