کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی شاندی لیگی هەرێمەکانی کوردستان لەگەڵ شاندی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بریتانیا

19:50 - 22 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: شاندی لیگی هەرێمەکانی کوردستان کە یەکێک لە ئەندامەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، لەگەڵ شاندی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بریتانیا چاوپێکەوتنی کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندی لیگی هەرێمەکانی کوردستان کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەکێک لە ئەندامەکانی ئەو لیگەیە، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا چاوپێکەوتنی کرد.

شاندی لیگی هەرێمەکانی کوردستان کە فەرید دەیهیم ئەندامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە بریتانیا تێیدا بەشدار بوو، لەو چاوپێکەوتن لە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا لەگەڵ جێگری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عراقی ئەو وەزارەتە کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوەیەدا لە پەیوەندی لەگەڵ هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و یارمەتییە نیزامی و مرۆییەکانی ئورووپا بە تایبەت بریتانیا وتووێژیان کرد و شاندی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بریتانیا رۆڵی نەتەوەی کورد لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش و شەڕ لە دژی تیرۆریزمیان گرینگ وەسف کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو چاوپێکەوتنەدا چەند باسێک لە پەیوەندی لەگەڵ پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران و نالەبارتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ داوی هاتنە سەرکاری حەسەن رۆحانی پێشکەش کرا و جێگری بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق لە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بریتانیا رایگەیاند کە سیاسەتەکانی رێژیمی ئێران نەگۆڕن و هەروەها رایگەیاند کە مافی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران و کەمینە مەزهەبی و ئایینییەکان بەردەوام و بەشێوەیەکی سیستماتیک پێشێل دەکرێت.

جێگری بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا جەختی کردەوە کە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دەخاتە ژێر چاودێری.