کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی کومیسیۆنی سیاسی نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

17:18 - 19 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: کومیسیۆنی سیاسی نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە زڕاندنی کەسایەتیی هاووڵاتیانی کورد لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیەندراویکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

هاوڕێیانی حیزبی،
کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانی حیزب،


لەم قۆناغەی خەباتدا کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڕیارێکی مێژوویی هەنگاو بۆ گرێدانی خەباتی شاخ و شار هەڵدەگرێ و لەو رێگایەدا تاکوو ئێستا قورسایی زۆری تێکۆشانی لەسەر شان بووە، بە گیانفیدایی و ماندوونەناسیی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب، هیوادار بە سەرکەتن لەو رێبازەداین.

لەم ماوەیەدا زۆر جار لەبەر دژواریی ڕێگا و ئەزموونکردنی نوێ لە هەندێک بوار، بەتایبەت لە بواری کەڵک وەرگرتن لە تێکنۆلۆژیی نوێی پێوەندیگرتن و زانیاری و بەتایبەت کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەم لایەنی باشی ئەو تێکنۆلۆژییە نوێیانە و هەم شێوازی خراپی کەڵک وەرگرتن لەوان بۆ زۆربەی زۆری خەڵک ڕوونتر بۆتەوە.

ئێستا لە دوای چەند شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان سوپای پاسداران و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا، هەم دوژمن دەستی داوەتە شەڕێکی تەبلیغی و ڕەوانی بە دژی تێکۆشەران و بۆ دوژمنایەتی سازکردن لە نێو خەڵکدا و هەم هەندێک لە ئەندامانی حیزب لەبەر دڵسۆزی و لە ڕووی نائاگاییەوە هەنگاوی نادروستیان لەو بارەوە هەڵ گرتووە.

بەتایبەت ئێستا دیاردەیەکی زۆر مەترسیدار هاتۆتە ئاراوە کە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمیشەوە دەست پێ دەکا و پەرەی پێ دەدرێ، ئەویش ئەوەیە کە هەر کەس و بە تێگەیشتنی خۆی و لە سەر ئەساسی زانیارییەکانی کە ڕاستی و ناڕاستییەکەی دیار نیە، وێنە و پێناسەی خەڵک بڵاو دەکەنەوە کە گوایە ئەوانە سەر بە ڕێژیمن و هاوکاریی ئیتلاعاتی و ...هتد، بە هێزەکانی ڕێژیمیان کردووە.

ئەو جۆرە زانیارییە بێسەروبەرانە کە بڵاو دەکرێنەوە نەک خزمەت بە خەباتی ڕەوامان ناکا، بەڵکوو دەبێتە هۆی دڕدۆنگی زیاتر دروست کردن لە نێو خەڵکدا و ڕەنگە کەسانی بێتاوان و تەنانەت دڵسۆزی خەباتیش ناویان لەخۆڕا بزڕێندرێ و ئەمە قازانج بە دوژمن دەگەیەنێ.

سەبارەت بەو هەڵسوکەوتانە لە دونیای نوێی پێوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پێتان ڕادەگەیەنین کە:

یەکەم- هیچ کادر و پێشمەرگە و ئەندامێکی حیزب ڕێگەی پێ نەدراوە کە لە سەر ئەساسی زانیارییەکانی خۆی کە ڕەنگە ڕاست یان ناڕاست بن، دەست بکا بە ناوزڕاندنی خەڵک. تکایە هەر زانیارییەکتان پێ دەگا بە شوێنی خاوەن سەلاحیەتی حیزبیی بگەیەنن و لەم ڕێکەوتە بەو لاوە هەر کەس ئەو جۆرە کارانە بکا بە ژێرپێنانی پرەنسیپی شۆڕشگێڕی و حیزبیی دەبینین و بەرخوردی حیزبیی لەگەڵ دەکرێ کە ڕەنگە دەرکردن لە ڕیزی تێکۆشەرانی حێزبی بەدواوە بێ.

دووهەم- تەنیا ماڵپەڕی جێگای بڕوا و ڕەسمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ماڵپەڕی کوردستان‌میدیایە و هەموو ماڵپەڕ و سەرچاوەکانی دیکە کە خۆیان بە ئۆگری حیزبی دێموکرات دەزانن، تەنیا کوردستان‌میدیا بکەن بە سەرچاوەی زانیارییەکانیان سەربارەت بە کار و چالاکی و سیاسەتی حیزبی. حیزبی دێموکرات خۆی لەبەرانبەر بە زانیاری و بڵاوکراوەی هیچ ماڵپەڕێکی دیکە (کە خۆی بە نزیک لە حیزب دەزانێ یان خۆی سەر بە ئۆرگانێکی حیزب پێناسە دەکا )بە بەرپرسیار نازانێ و هەر ماڵپەڕێک لە داهاتوودا شتێک لە دەرەوەی سیاسەتی حیزبی و دژ بە سیاسەت و کرداری حیزبی بڵاو بکاتەوە بە ڕاگەیەنەدراوی ڕەسمی باسی دەکەین.

هیوادارین کە لەم قۆناغە هەستیارەی خەبات و تێکۆشاندا هەموو کادر و پێشمەرگە و ئەندامی حیزبی و دۆستان و دڵسۆزانی کورد بە هەستیاری و چاوکراوەییەوە هەڵسوکەوت بکەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کومیسیۆنی سیاسی نیزامی

١٩ی پووشپەڕی ١٣٩٥
٩ی ژووئیەی ٢٠١٦