کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێكخراوی UNPO بە توندی تۆپبارانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکات

23:06 - 19 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: ڕێكخراوی UNPO لە بەیانییەیەکدا دەستدرێژییە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان مەحکووم دەکات.

ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێده‌وڵه‌ته‌كان بە توندی دەستدرێژییە نیزامییەکانی ئێران بۆ سەر کوردستانی ئێران و عێراق مەحکووم دەکا. دوای ١٥ی جولایی ٢٠١٦، ڕەوشی ناوچەکە بەهۆی تۆپبارانەکانی گوندەکان لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە. ئەو تۆپبارانانە بووەتە هۆی بریندار و ئاوارەبوونی خەڵکی مەدەنی کە لە ناویاندا منداڵیش هەبووە.

ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێده‌وڵه‌ته‌كان لە بەیانییەیەکدا هێناویە کە: دوابەدوای تێکهەڵچوونەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە ڕێکەوتی ١٥ی جولای، هێرشەکانی ئێران پەرەی سەندووە و بەرەو تۆپباران کردنی ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور ڕاکێشراوە.

حکوومەتی ئێران سیاسەتێکی توندی ستەمکارانەی بەرانبەر بە دانیشتوانی کورد و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێخکراوەکانی دیکەی کوردی گرتۆتە پێش و زیندانی، ئەشکەنجە و لە سێدارەیان دەدا. بە لەبەرچاو گرتنی ئەم بارە ئەمنیەتییە، کادرەکانی حیزبی دێموکرات بۆ دیفاع کردن لە خۆیان، هێزی پێشمەرگەیان لەگەڵە.

ڕێژیمی ئێران لەماوەی ڕابردوودا هەڕەشەی لە حیزبی دێموکرات و بنکەکانی لە باشووری کوردستان کردووە و هاوکات هەڕەشەی هێرشی سەر کەمپەکانی پەنابەرانی کردووە لە هەمان ناوچە. حوسێن سەلامی، جێگری گشتیی فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، هەرەشەی کردووە کە بە دەیان هەزار مووشەک هێرش بکاتە سەر باشووری کوردستان.

هەروەها لە بەیانییەی ئاماژە بۆ کراودا هاتووە کە؛ UNPO داوا لە حکوومەتی ئێران دەکات کە بە زووترین کات دەست لە دەستدرێژییە نیزامییەکانی لە ناوچە کوردنشینەکانی سنوورەکانی ئێران و عێراق هەڵگرێت. UNPO فشار بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دێنێت بۆئەوەی پرسی هێرشەکانی ئێران بۆسەر خەڵکی مەدەنی بەرز بکەنەوە و هاوکات پشتوانیی بەردەوامی خۆی ڕادەگەیێنێت بۆ هێزەکانی ئۆپۆزیسیونی دێموکراتخواز کە لە خەباتدان بۆ وەدەست هێنانی دێموکراسی و مافی نەتەوایەتی.