کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێورەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە هاورێیانی تێکۆشەر شەهید سەید ڕەزا درودگەر و چەکۆ رەحیمی لە ڕۆژهەڵاتی کانادا بەڕێوە چوو

23:18 - 27 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان بۆ دوو هاوڕێی شەهید، سەید ڕەزا درودگەر و سەروان چەکۆ ڕەحیمی لە ئەیالەتی ئونتاریۆی کانادا بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٩٥ هەتاوی، ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان بۆ دوو هاورێی تازە کۆچکردووی دێموکرات، شەهیدان سەید ڕەزا درودگەر و چەکۆ ڕەحیمی بە بەشداری ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و نوێنەری هێزە سیاسییە کوردیەکان لە شاری لەندەنی سەر بە ئەیالەتی ئونتاریو لە کانادا بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆریادەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

پاشان، ڕاگەیاندراوی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات بۆ کۆچیدوایی هاوڕێی شەهید کاک سەید ڕەزا درودگەر لە لایەن جەلال ئیعزاز خوێندرایەوە.

دواتر ڕاگەیاندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بۆ کۆچی دوایی هاوڕێی شەهید چەکۆ ڕەحیمی لە لایەن شەهێن فەیزی پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکە دڵشاد خزری پەیامی هاوخەمی کۆمەلەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ئامریکای باکووری پێشکەش کرد.

دواتر، پەیامی هاوخەمی بەرێز مەسعوود بارزانی، سەروکی هەرێمی کوردستان، و ناوی چەندین حیزب و کەسایەتی سیاسی کورد لە هەرچوار بەشی کوردستان لە لایەن تاهیر دەرویژە پێشکەش کران .

پاشان وتەکانی مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی کاک سەید ڕەزا درودگەر و هەروەها وتەکانی حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سەر گۆری شەهیدان بۆ کۆچی لە ناکاوی هاورێی شەهید سەروان چەکۆ و هەروەها هەڵبەستێک بە دەنگی شلێر دەرویشی، بە شێوەی فیدیۆ پێشان دران.

لە نێوئاخنی کۆریادەکەدا چەندین شێعر و هەڵبەست بۆ کۆچی دڵتەزێنی ئەم شەهیدانەی بانەمەڕی ١٣٩٥ پێشکەش کران.