کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری لە بنکەی سەرەکیی یەکیەتیی لاوان بەڕێوە چوو

15:47 - 26 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری و بەرەوپیری ساڵی نوێ چوون، لە لایەن لاوانی دێموکراتی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بنکەی سەرەکیی یەکیەتیی لاوان، بەرز ڕاگیرا.

ئێوارەی ڕۆژی سێ‏شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری بە ئامادەبوونی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی یەکیەتیی لاوان و کادر و پێشمەرگەکان و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە شکۆیەکی گەورەوە بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێورەسمەکە پەیامی نەورۆزیی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن ڕۆژان سۆفیزادە، ڕاوێژکاری کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتی لاوانەوە پێشکەش کرا.

سۆفیزادە، وێڕای پیرۆزبایی لە لاوان و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێران، لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە نەورۆزی هێمای هەرمان و هۆمێد پێشکەش دەکەین و ئاواتەخوازین کە هەر وەک لە مێژووی کۆنی گەلی کورددا پشت بە پشت هاتووە، سەرلەنوێ هاتنەوەی ئەم جەژنە نەتەوەییە، ببێتە جەژنی سەر لە نوێ خۆسازدان و ئەستاندنەوەی ئازادی لە سەرانسەری کوردستان، ببێتە هەوێنی سەرلەنوێ ژیانەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و نوێ‌کردنەوەی پەیمانی وەفاداری و یەکڕیزی نێوان لاوانی بە‌هەست و شۆڕشگێری نەتەوە بەش‌خوراوەکەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.

پاشان لە لایەن مام تۆفیق ئەڵماسی پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ولێ جەلالی‏یەوە ئاگری چوارشەممەسووری داگیرسێندرا.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا جەلال ڕەوانگەرد سکرتێری گشتی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای ئاماژە کردن بە بۆنەی چوارشەممەسووری، هیوای خواست نەورۆزی ئەمساڵ چەخماخەی شۆڕشی نویی گەلەکەمان بێت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم لاوانی کورد لە هەر چوارپارچە و ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بەتایبەتی کرد.

دوابەدوای ئەوە بەشداربووانی ڕێورەسمەکە بە شایی و گۆڤەندی کوردەواری تا درەنگانی ئێوارە، بە دەنگە خۆشەکەی هونەرمەندی پێشمەرگە، هاوڕێ غوڵام فاتێحی، ڕێورەسمەکەیان کۆتایی پێ‏هێنا.

14091.JPG

14092.JPG

14093.JPG

14094.JPG

14087.JPG

14089.JPG

14095.JPG

14096.JPG

14088.JPG

14098.JPG

14097.JPG